تەڤگەری ئازادی: بە هەموو شێوەیەک دژی تووندوتیژیین و ماف و ئیمتیازات بەو شێوەیە بەدەست نایەت

 
رووداو دیجیتاڵ

تەڤگەری ئازادی رەتیدەکاتەوە ئەوان رێکخەری خۆپێشاندانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بن. هاوسەرۆکی تەڤگەرەکە دەڵێت: "ئەو دەنگۆیانەی لەو بارەوە باس دەکرێن دوورن لە راستییەوە، لەگەڵ سووتانی هیچ بارەگایەکی حکومی و هیچ شوێنێکدا نیین."
 
 محەممەد عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوەی باس دەکرێت کە تەڤگەری ئازادی لەپشت خۆپێشاندانەکانەوە بێت، ئەمە زۆر زۆر دوورە لە راستییەوە. ئەمە مانای ئەوە نییە ئێمە خۆپێشاندانەکانی خەڵک بە ناڕاست بزانین یان بە حەقی نەزانین؛ خەڵک برسییە، خەڵک وێرانە، خەڵک ژیانیان نەماوە، هۆکاری ئەم خۆپێشاندانانە دەسەڵاتێکە کە هەموو شتی لە خەڵک گرتووەتەوە."
 
 محەممەد عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە دا، خۆپێشاندانەکان بە نارێکخراوی بەڕێوەدەچن و "ئەگەر داخوازیی خەڵک بەدەستهێنانی کۆمەڵێک ماف و ئیمتیاز بێت کە لێی سەندراوەتەوە، بەو شێوازە بەدەستنایەتەوە."
 
هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی جەختی لەوە کردەوە کە "هیچ هێزێک لە باشووری کوردستان لەپشتی ئەو خۆپێشاندانانەوە نییە. ئێمە بە هەموو شێوەیەک دژی تووندوتیژیین و ماف و ئیمتیازات بەو شێوەیە بەدەست نایەت."
 
هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی گوتیشی: "ئێمە لەپشت خۆپیشاندانەکانەوە نیین، بەڵام ئەگەر ئەمەیان بۆ ئەوە بێت بۆ ئەوەی بارەگاکانی ئێمە دابخەن، چونکە گوشارێک هەیە، رەنگە ئەوە شتێکی نهێنیی لەپشتەوە بێت."
 
محەممەد عەبدوڵلا لەبارەی داخستنی بارەگاکانیانەوە ئاماژەی بەوەش دا کە هەندێک لایەن پێیانگوتوون ئەوان گوشاریان لەسەرە بۆ داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی، بەڵام تائێستا بە فەرمی هیچ شتێکیان لەبارەی داخستنی بارەگاکانیانەوە پێنەگوتراوە.
 
هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی باسی لەوە کرد، لەگەڵ ئەوەی پشتیوانی لە داوا رەواکانی خۆپێشاندەران دەکەن، بەڵام جێبەجێکردنی داواکارییەکان بە سووتاندنی بارەگا نابێت و گوتی: "ئێمە لە رابردوودا چەندین گردبوونەوە و خۆپێشاندانمان کردووە، بەڵام هیچ کارێکی لەو شێوەیەمان نەکردووە، بەڵکو بەشێوەیەکی شارستانی رای خۆمان دەربڕیوە."
 
محەممەد عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی لەبارەی چارەسەری ئەو بارودۆخەی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەوە ئاماژە بەوە دەدات کە تاکە چارەسەر بۆ ئارامکردنەوەی ئەو دۆخە جێبەجێکردنی داواکاری و پێداویستییەکانی خەڵکە و "ئەگەر حکومەت و دەسەڵاتێک نەتوانێت داواکاری و پێویستییەکانی خەڵک جێبەجێ بکات، ئەوا ئەو دەسەڵاتە دەبێت بگۆڕدرێت."