بەغدا 233 ملیار دیناری دیکەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی خەرجکرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دارایی 233 ملیار دیناری دیکەی وەک شایستەی دارایی جووتیاران بۆ کڕینەوەی گەنم و جۆی ئەم ساڵ خەرجکردووە و پشکی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 8-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، " پارەکەیان لە وەزارەتی دارایی وەرگرتووە و رەوانەی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەیان کردووە. کۆمپانیاکەش پارەکە بەپێی پێشینە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکات."
بە گوتەی حەنوون، پشکی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو پارێزگایانە دەبێت کە گەنم و جۆیان رادەستی سایلۆ و ناوەندەکانی وەرگرتنەوەی دانەوێڵە کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتیشی، "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی و ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران بەردەوام دەبن بۆ تەواوکردنی دابەشکردنی پارەکە بەسەر جووتیاراندا و لەم هەفتەیەدا دابەش دەکرێت."
فەرمانگەی ژمێریاریی لە وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا گوتی، گوژمەی حەوتەمی شایستە داراییەکانی جووتیاران بە بڕی 233 ملیار و 999 ملیۆن و 993 هەزار و 760 دینار بۆ کڕینەوەی گەنم و برنجی وەرزی 2025 خەرجکراوە.
محەممەد حەنوون ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق پشتگیریی تەواوی پڕۆسەکە دەکات بۆ پشتیوانیکردنی کەرتی کشتوکاڵ و سەرخستنی پلانی بەبازاڕکردنی گەنم، کە بووەتە هۆی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و یەدەگێکی ستراتیژیی زیاتر لە ساڵ و نیوێک.
بەگوێرەی وەزارەتی بازرگانی، لە ماوەی 24 بۆ 48 کاژێری داهاتوودا، دوای تەواوکردنی رێکارە کارگێڕی و داراییەکان، پارەکە دەدرێتە جووتیاران.
نزیکەی دوو مانگە حکومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەکی ئەم ساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە، کە تاوەکو ئەمڕۆ لە زیاتر لە 300 ملیار دیناری پارەی گەنم، کەمتر لە 73 ملیار دیناری ناردووە.
پارەی گەنمی ئەم ساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لای حکومەتی عێراق زیاتر لە 300 ملیار دینار و زیاتر لە 228 ملیار دیناری لاماوە بینێرێت.
دوایین بەشەپارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق 15ـی 10ـی ئەم ساڵ خستییە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان کە 15 ملیار و 500 ملیار دینار بوو، گوژمەی یەکەمیش 57 ملیار دیناری ناردبوو.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ تۆنێک وەرگرت، کە بەهاکەی زیاترە لە 300 ملیار دینارە.