دەستەى ناوچە کوردستانییەکان و جووتیارانى کورد کۆدەبنەوە و یاداشتێک ئامادە دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جووتیارانى ناوچە کوردستانییەکانى سنوورى مادەى 140 کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى کێشەى زەویوزارى جووتیاران و یاداشتێک لەبارەى چۆنێتى چارەسەرى کێشەکان ئامادە دەکرێت.
کۆوبونەوەکە رۆژى سێشەممە، 9ى کانوونى یەکەمى 2025، لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکرێت.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: کۆوبونەوەکە لەگەڵ نوێنەرانى جووتیارانى سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانە بۆ تاوتوێکردنى دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانى تایبەت بە کێشەى زەویوزار و جێبەجێکردى یاسای گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵ.
دوایین کێشەى زەوى جووتیارانى کورد لە گوندى گورزەیی سنوورى کەرکووک بوو کە فیرقەی 8ـی سوپای عێراق، واژۆکردنی بەڵێننامەی دەستهەڵگرتن لە زەوییەکانیان کردووەتە مەرجی دەستپێکردنی دروێنەی بەرهەمى گەنمەشامیی جووتیارانى کرد لە سەر رووبەرى 1400 دۆنم زەوی گوندەکە.
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا یاداشتێک ئامادە دەکرێت بۆ نوێنەرانى نوێى کورد لە بەغدا لەبارەى چۆنێتى مامەڵکردن لەگەڵ ئەو پرسە و چارەسەرى ئەو کێشەیە لە کارنامەى حکومەتى نوێى عێراق.
21ـی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسایەکی پەسند کرد بۆ گەڕاندنەوەی ئەو موڵک و ماڵانەی کە بەگوێرەی 12 بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان دەستیان بەسەردا گیرابوو، بەڵام جێبەجێکردنی یاساکە چاوەڕێی دەرکردنی رێنوێنییەکانێتى کە ئێستا لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقە.