بەهۆی بەفرەوە ملەی تەتەی هەورامان داخرا

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بەفربارینەوە ژمارەیەک رێگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان داخران.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 8ی کانوونی یەکەمی 2025، محەممەد شەبرەندی، بەڕێوەبەری رێگەوبانی سەوڵاوا لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفرەوە ملەی تەتە و رێگەی نێوان ژمارەیەک شار داخراوە.
 
محەممەد شەبرەندی گوتی، بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتیی رێگەوبان، لەوانە بوونی تەمی زۆر، کەمبوونەوەی مەودای بینین، بەردەوامبوونی بارینی بەفر، بڕیاریان داوە ملەی تەتە تاوەکو ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە دابخرێ.
 
بەڕێوەبەری رێگەوبانی سەوڵاوا داوا لە خەڵکی ناوچەکە دەکات رێگەی سەوڵاوا-هەجیج - هەورامان - ژاڵانە وەک رێگەی جێگرەوە بەکاربێنن.
 
بە گوتەی محەممەد شەبرەندی، کردنەوەی ملەی تەتە و رێگەی نێوان پاوە-مەریوان بەندە بە باشتربوونی کەشوهەوا و دڵنیابوون لە سەلامەتی رێگەکە.
 
ملەی تەتە یەکێکە لەو رێگەیانەی پارێزگاکانی سنە و کرماشان پێکەوە دەبەستێتەوە و لەنێوان شارەکانی پاوە و مەریوان هەڵکەوتووە و ساڵانە بەفری زۆری لێ دەبارێ. 
 
چوار کیلۆمەتری رێگەی ملەی تەتە دەکەوێتە سنووری پارێزگای سنە و 17 کیلۆمەتریشی دەکەوێتە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.