بەهۆی مەترسیی لافاوەوە سبەی لە گەرمیان پشووی فەرمییە

رووداو دیجیتاڵ

ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەڵێت، بەهۆی پێشبینیی هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و لەپێناو سەلامەتیی هاونیشتمانییان، سبەی لە سەرجەم دامودەزگاکانی سنوورەکەیان پشوو دەبێت.
 
ئەمشەو دووشەممە (8ـی کانوونی یەکەمی 2025)، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی راپۆرت و پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، کە ئاماژە بە هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین دەکەن بۆ سنوورەکە، بڕیاردرا سبەی بکرێتە پشوو.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەپێناو سەلامەتیی گیانی هەموو لایەک، بڕیارماندا سبەی سێشەممە (9-12-2025) لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت و ناوەندەکانی پەروەردە بکرێتە پشووی فەرمی".
 
ئیدارەی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کردووە، "پشووەکە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و دامودەزگا ئەمنییەکان ناگرێتەوە و ئەوان بەشێوەی ئێشکگر لە ئەرکدا دەبن بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو."
 
ئەم بڕیارەی ئیدارەی گەرمیان دوای ئەوە دێت کە ئێوارەی ئەمڕۆ کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راپۆرتێکدا هۆشداریدا لەوەی، سبەی سێشەممە زۆرترین بڕی باران لە سنووری گەرمیان دەبارێت کە پێشبینی دەکرێت بگاتە نزیکەی 65 مللیمەتر و مەترسیی دروستبوونی لافاو هەیە.