لە کرماشان 4 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیاڵ 

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای کرماشان، چوار هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 8ی کانوونی یەکەمی 2025، مەسعود قەلعەسفیدی، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، رووداوەکە کاژێر 4ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ  لە سەر رێگەی سەرەکیی ئیسلامئاوا بووە و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری سەمەند و بارهەڵگرێک پێکیان داداوە.
 
مەسعود قەلعەسفیدی گوتی: "لە رووداوەکەدا چوار کەس کە سەرنشینی ئۆتۆمبێلی سەمەند بوون دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری فریاکەوتنی کرماشان، شوفێری بەرهەڵگرەکە بریندارە و لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
بەگوێرەی راپۆرتێک کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دادپزیشکیی کرماشان 24ی تشرینی دووهەم بڵاویکردەوە، ''لە 8 مانگی رابردوودا 280 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە پارێزگاکە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 7 هەزار کەسیش بریندار بوون."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی پارێزگای کرماشان، نزیکەی 47٪ی رووداوەکانی هاتووچۆ لە رێگە سەرەکییەکانی نێوان شارەکان روویانداوە.
 
مەهدی جەعفەری بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی پارێزگای کرماشان گوتی، زۆربەی رووداوەکانی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگای کرماشان بەهۆی تیژرۆیی و وەڕگەرانەوە روودەدەن.