لە سنووری هەڵەبجە 'ئەمیرێکی داعش' دەستگیر کرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە رووبەڕووبوونەوەی لەنێوان تیمێکی بەڕیوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی سلێمانی و شانەیەکی نووستووی داعش روویداو و لە ئەنجامدا کارمەندێکی ئاسایش بریندار کرد و 'ئەمیرێکی داعش'یش دەستگیرکرا. 
 
سەرچاوەیەک لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەمشەو هێزێکی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک گومانلێکراو دەچنە گەڕەکێکی سەنتەری شاری هەڵەبجە. 
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزەکەی ئاسایش زانیاریی پێشوەختەیان هەبووە سەبارەت بە هەبوونی گرووپێکی تیرۆرستی داعش لەو گەڕەکە.
 
لە کاتی گەیشتنیان بۆ شوێنی چەکدارەکان رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لەنێوانیاندا دروستدەبێت لە ئەنجامدا کارمەندێکی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایش بریندار دەبێت. 
 
سەرچاوەکەی رووداو کە نەیویست ناوی ئاشکرا بكرێت، جەختی لەوەشکردەوە، هێزەکانیان توانیویانە سێ چەکداری داعش دەستگیر بکەن و بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان یەکێک لە دەستگیرکراوەکان لە نێو رێکخراوی داعش پلەی ئەمیری هەیە و بەرپرس بووە لە گەیاندنی لۆجستیک بۆ تیمەکەی داعش. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو رووبەڕووبوونەوەکە دەوروبەری کاژێر هەشتی ئەمشەوە لە گەڕەکێکی سەنتەری شاری هەڵەبجە روویداوە. چەکدارەکان کوردن و دانیشتووی سنووری پارێزگای هەڵەبجەن.