خوێندنی باڵا: کاردەکەین لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2026دا پارە بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکان تەرخان بکرێ


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ناوی دەرچووانی سێ یەکەمەکانیان رەوانەی بەغدا کردووە بۆ دامەزراندن. بەرپرسێکی وەزارەتەکەش گوتی، "ناوەکان لە بەغدان و ئامانجمانە لە پڕۆژەیاسای ساڵی نوێدا دابمەزرێن".

د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ناوەکانمان ناردوون بۆ بەغدا بۆ ئەوەی لە گفتوگۆکانی پەسندکردنی بودجەی ساڵی 2026دا بودجەیان بۆ تەرخان بکرێ و دابمەزرێندرێن".
 
ژمارەی سێ یەکەمەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان زیاترە لە 10 هەزار دەرچوو، ئەوانەن لە خوێندنی ساڵی 2017ـەوە تاوەکو 2024 یەکەم بوون و دانەمەزراون.
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، 14-09-2025 لە نووسراوێکدا داوای لە سەرجەم زانکۆ حکومییەکان کرد ناوی سێ یەکەمەکانی ساڵانی 2017 بۆ 2024یان بۆ بنێرن بۆ ناردنی بۆ بەغدا بەمەبەستی دامەزراندن.