سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی: 120 ملیار داهاتی نانەوتی ئامادەیە و چاوەڕێی عێراقین


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، لەلایەن عێراقەوە وادەی هیچ کۆبوونەوەیەک بۆ ئامادەکردن و گفتوگۆکردنی بودجەی ساڵی 2026 دیاری نەکراوە. باسی لەوەشکرد: "بۆ ناردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی مانگی 10 چاوەڕێی عێراقین".
 
رۆژی دووشەممە، 8ی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو رێکارەکانی تایبەت بە مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێمەوە تەواوکراون و 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی ئەو مانگەش ئامادەیە، بەڵام بۆ ناردنی، چاوەڕێی بڕیاری خەرجکردنی مووچەین لە لایەن بەغدا."
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، وەزارەتی دارایی ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی 12 ئامادە دەکات و بە ئەگەری زۆرەوە ئەم هەفتەیە تەواو دەبێت و بۆ بەغدای دەنێرن، ئەگەر نا دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو. گوتیشی: "وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 10 تەواو بووە."
 
دوێنێ، لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا. سەرچاوەکەی رووداو گوتی: "هێشتا دەست بە وردبینیی لیستەکە نەکراوە."
 
چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 11 و 12یش تاوەکو ئێستا دیارنییە. ئەو سەرچاوەیە لە وەزارەتی دارایی گوتی: "ئێمە رێکارەکان جێبەجێ دەکەین و ئەگەر پشووش دەستپێبکات، دەتوانن پارەکەمان بۆ بنێرن، چونکە ئەوە رێکارێکە لەنێوان هەردوو وەزارەت و کێشەی نییە."
 
سەبارەت بە بودجەی ساڵی 2026، سەرچاوەکە باسی لەوە کرد: "دەبووایە تاوەکو ئێستا بودجەی ساڵی 2026 لە عێراق یەکلایی کرابایەوە و کاتی کۆبوونەوەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان دیاری بکرابا، بەڵام هیچ قسەیەک و وادەیەک لەوبارەیەوە نییە."
 
29ی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی بڵاوکردەوە و لە سێ رۆژدا مووچەکەی دابەش کرد.