شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: داعش تاوەکو ئێستا مەترسییه بۆسهر ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی فەرەنسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کۆبووەوە و رایگەیاند، "داعش تاوەکو ئێستا مەترسییە بۆسەر ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە".
رۆژی یەکشەممە 09-01-2022 شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە کۆلۆنێڵ ماتیاس، فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی فەرەنسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان، پەیوەندییەکانی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی بۆسەر ناوچەکە، کاری هاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەدا کرا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان "رۆڵی هێزەکانی فەرەنسای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند، جەختی لهوه کردەوە کە داعش تاوەکو ئێستا مەترسییه بۆسهر ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە، جموجۆڵ و هێرشەکانی ئەم دواییە بۆسەر سهنگهرهكانی پێشمەرگە و خەڵکی سڤیل ئاماژەیە بۆ خۆڕێکخستنەوەیان لەم ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە".
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنه هاوبەشهكانی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە و جێگیرکردنی هێز لەو ناوچانەی بە گرنگ زانی.
شاندە فەرەنسییەکە پەرەپێدانی هاریکاری و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات کردووەتەوە و "كردهوه تیرۆریستییهكانی داعشیان لە ناوچەکەدا بە مەترسی زانی، بۆیه جەختیان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە لە ناوچەکە کردەوە".