لە سەنتەری شارەکانی هەرێمی کوردستان هێشتا دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان نەکراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە وەرزی زستانداین و تاوەکو ئێستا نەوت لە سەنتەری پارێزگاکان دابەشنەکراوە. سلێمانی 19 ملیۆن و 600 هەزار لیتر نەوتیان بە 103 هەزار دینار بەسەر ناوچە شاخاوییەکان دابەشکردووە و ئێستا دابەشکردنی نەوت لەو ناوچانە کۆتاییهاتووە.
 
سەنتەری شاری سلێمانی بە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕینەوە 110 ملیۆن نەوتیان پێویستە بۆئەوەی هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوت وەربگرێت.
 
سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی دەڵێت، "لەڕاستیدا وادە نییە، بەڵام لەڕێگەی پارێزگا و وەزارەتەوە داوامان کردووە نەوەتەکە بە زووترین کات بگات، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵاممان بە راستی نەدراوەتەوە."
 
لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر 17 ملیۆن لیتر نەوت دابەشکراوە و تائێستا دابەشکردنی نەوت بەردەوامە. ئەو پارێزگایە بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیشەوە پێویستی بە 95 ملیۆن لیتر نەوتە.
 
عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، "لەم نزیکانەدا کە نەوتی پێویست گەیشتە فەرمانگەی نەوت و کانزاکان ئەوە بە دڵنیاییەوە لە هەولێر و دەوروبەری دابەشدەکرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە کۆیە، پیرمام و دەوروبەری هەولێر بنەسڵاوە و دارەتوو و بەحرکە و سەنتەری شاری هەولێرە."
 
لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک 13 ملیۆن و 800 لیتر نەوت دابەشکراوە؛ تائێستا دابەشکردنی نەوت بەردەوامە. بۆئەوەی لە سەنتەری شارەکە هەموو ماڵێک بەرمیلێک نەوت وەربگرێت، پارێزگاکە پێویستی بە 56 ملیۆن لیتر نەوتە.
 
موحسین تەها، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک گوتی، هەرکات دابەشکردنی نەوت لە دەوروبەری شاری دهۆک تەواو بوو، لە سەنتەری شارەکەش دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکرێت.
 
5ی ئەم مانگە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، لە ناوچە شاخاوییەکان نەوتی سپی بەسەر زیاتر لە 234 هەزار خێزاندا دابەشکراوە و دوای کۆتاییهاتنی دەست دەکرێت بە دابەشکردنی نەوت لە دەوروبەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، بەڵام تائێستا لە ناوەندی شارەکان دەست بە دابەشکردنی نەوت نەکراوە.