کەشناسیی سلێمانی: رۆژانی داهاتوو کەشوهەوا جێگیر دەبێت و پێشبینیی بارانبارین ناکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، سبەی سێشەممە 10-01-2023 ئاسمان ساماڵ دەبێت. بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانییش دەڵێت، کەشوهەوا بۆ سبەی و رۆژانی داهاتوو جێگیر دەبێت و پێشبینیی بارانبارین ناکەن.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان کە رۆژی دووشەممە 09-01-2023 بڵاویکردووەتەوە، سبەی ئاسمانی هەرێمی کوردستان ساماڵ دەبێت و لە کاتی بەیانی زوودا ئەگەری دروستبوونی تەم هەیە.
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێستا سلێمانی بارانە و هەورێکی زۆر هەیە، بەڵام کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە هەولێر و دهۆک لاوازە و ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەورە، لە ئێوارەی ئەمڕۆشەوە کاریگەریی ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە تەواو دەبێت و کەشوهەوا بۆ سبەینێ و رۆژانی داهاتوو بە جێگیری دەمێنیتەوە و پێشبینیی بارانبارین ناکرێت.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی سێشەممە بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 11 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 8 پلەى سیلیزى
دهۆک: 11 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 12 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 8 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 10 پلەى سیلیزى
سۆران: 6 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 14 پلەى سیلیزى