منداڵپارێزی کوردستان لەبارەی کرێکاریی منداڵان: زۆرترینیان لە دهۆکن و لە هەڵەبجەش هیچی تێدا نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، لە هەرێمی کوردستان 1248 منداڵ لە ترافیک لایت و شەقامەکان کار دەکەن؛ زۆرینەیان لە دهۆکن و لە هەڵەبجەش هیچ منداڵێک لە شەقام و ترافیک لایەتەکاندا کار ناکەن. ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەریی منداڵپارێزی کوردستان دەڵێت، "کەیسیان هەبووە منداڵەکە کاری کردووە و باوکی شەو بە پارەکەی کحولی خواردووەتەوە."
 
لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە شارە گەورەکان، کەم ترافیک لایت هەیە منداڵی تێدا نەبێت، کە هەندێک شتیان بەدەستەوەیە بۆ فرۆشتن و بەشێکیشیان وەکو دەرۆزەکەر داوای پارە دەکەن. بەگوێرەی ئامارەکانی منداڵپارێزی کوردستان، 92%ی ئەو منداڵانە خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، منداڵانی سەر شەقام دەکات بە دوو بەشەوە و دەڵێت، بەشێکیان ئاوارەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق یان وڵاتانی ناوچەکەن؛ بەشەکەی دیکەش "لە رێگەی باندەوە" کاریان پێدەکرێت.
 
وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی: زیاتر لە 130 منداڵ لە خانەی بێسەرپەرشتانن
 
لەبارەی ئەوەی کێ دەتوانێت رێگری لە کارکردن یان دەرۆزەکردنی منداڵانی سەر شەقام بکات، رۆژی یەکشەممە 09-01-2023، ئاریان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هێزی جێبەجێکارمان نییە تاوەکو رێگری لە کاری منداڵانی سەر شەقام بکەین. ئەو ئەرکە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بەڕێوەدەبرێت و چاودێری دەکرێن."
 
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە خانەی بێسەرپەرشتاندا چەند منداڵێکیان لەخۆیان گرتووە؛ لە هەولێر 50 بۆ 60 منداڵ، لە سلێمانی 50 بۆ 60 منداڵ و لە دهۆکیش 30 بۆ 35 منداڵ لەو خانانەدا سەرپەرشتی دەکرێن. ئاریان ئەحمەد دەڵێت، "ئەو منداڵانەی لە خانەکان وەردەگیرێن دەبێت کەسوکاریان نەبێت، بەڵام هەندێک جار ئەو منداڵانەشی تێدەکەوێت کە بەهۆی جیابوونەوەی دایک و باوکیانەوە بێ کەسوکار ماونەتەوە."
 
بۆ رێگری یان دوورخستنەوەیان لە کاری سەر شەقام و گێڕانەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگە، لیژنەیەک لە شارەکان هەیە کە ئەندامانی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، قایمقامیەتەکان و پۆلیسی نەوجەوانان بە جلوبەرگی مەدەنییەوە لەخۆدەگرێت. لیژنەکە رۆژانە سەردانی شەقام و ترافیک لایتەکان دەکات و لە دۆخی منداڵان دەکۆڵێتەوە.
 
منداڵپارێزی کوردستان: 1248 منداڵی کارکەر هەن
 
ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەریی منداڵپارێزیی کوردستان، کە هاوکات ئاراستەکاری پەیوەندییەکان و هاوئاهەنگی رێکخراوەکەیە دەڵێت، ئەو منداڵانەی لە شەقام و ترافیک لایتەکاندا دەوەستن بە منداڵی "کارکەر" لای ئەوان پێناسە دەکرێن.
 
منداڵپارێزی کوردستان لە رێگەی جیاوازەوە هاوکاریی منداڵان دەکات و ئێستا لە چوارچێوەی پرۆژەی لەخۆگرتندا مووچە دەداتە 648 منداڵی خوار 12 ساڵ، کە لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، کۆیە و هەڵەبجەن و بڕیارە لە داهاتوودا کار لەسەر هەمان هاوکاری بۆ منداڵانی دهۆکیش بکات. جگە لە پێدانی مووچە، لەڕووی تەندروستی و پەروەردە و خوێندنیشەوە هاوکارییان دەکات.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، نوعمان عەبدولڕەحمان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی منداڵپارێزی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رێگەی لیژنەی سێقۆڵی [قایمقامییەتەکان، منداڵپارێز و پۆلیسی نەجەوانان] بەردەوام شەقام و ترافیک لایتەکان دەگەڕێین و لە دۆخیان دەپرسین. لە ماوەکانی رابردوودا چەندین منداڵمان گەڕاندوونەتەوە بۆ خوێندن، یان بۆ باوکیان کە شایستە بووبێت ماتۆڕی سێ تایە یان دووکانێکی بچووکی بۆ دانراوە و منداڵەکە لە کارکردن دوورخراوەتەوە."
 
نوعمان عەبدولڕەحمان بنبڕکردنی یەکجارەکیی منداڵانی "کارکەر" لە شەقامەکان بە ئاسان نازانێت و دەڵێت، "ئەگەر بە گوشار لە ترافیک لایتەکان دووربخرێنەوە، دەچنە نێو بازاڕ و گەڕەکەکان."
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری منداڵپارێزی کوردستان بۆ رووداو، لە هەرێمی کوردستان هەزار و 248 منداڵ لە بازاڕ و شەقامەکاندا "کار دەکەن":
 
دهۆک 560 منداڵ
هەولێر 508 منداڵ
سلێمانی 180 منداڵ
هەڵەبجە 0 منداڵ
 
نوعمان عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەش کرد کە منداڵانی سەر شەقام بەوانە دەگوترێت کە شوێنی مانەوەیان نییە و لە شەقام دەمێننەوە. بە گوتەی ئەو، "ئەوانەی لێرە لەسەر شەقامەکانن هەموویان شوێنی مانەوەیان هەیە."
 
لەبارەی ناسنامەی منداڵانی "کارکەرەوە"، ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان گوتی، "زۆرینەیان ئاوارە یان پەنابەرن، بەشێکیشیان لە کۆچەرییەکانن؛ بەگشتی 92%یان خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن."
 
قایمقامی هەولێر: ساڵی رابردوو 1204 کەسمان دەستگیر کردووە
 
لە رێگەی لیژنەی قایمقامیەتەکانەوە جاروبار دەرۆزەکەران و ئەوانەی لە ترافیک لایتەکاندان دەستگیر دەکرێن، بەڵام ئەوە نەبووە بە هۆکاری بنبڕکردنی. ئەمڕۆ دووشەممە، نەبەز عەبدلحەمید، قایمقامی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەندێک کەس بە "بیانووی هەژارییەوە" دەرۆزە دەکەن و خەڵک بێزار دەکەن.
 
قایمقامی هەولێر گوتیشی، "لیژنەیەکی تایبەتمان لە قایمقامیەت هەیە، نوێنەرانی وەزارەتی کار و منداڵپارێزی کوردستانیشی تێدایە. پار 1204 کەس بەهۆی دەرۆزەکردن لە شەقام و ترافیک لایتەکان دەستگیر کراون و بەشێکیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوە بووە، بەڵام لەو کەسانە ژمارەیەکیان تێدایە کە مەست بوون و هەوڵی بێزارکردنی خەڵکیان داوە."
 
زۆر جار دەگوترێت بازرگانی بە منداڵانی سەر شەقامەکانەوەدەکرێت، بەڵام ئەندامەکەی دەستەی بەڕێوەبەری منداڵپارێزی کوردستان ئەوەی رەتکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، "هەندێک کەیسی کەم هەن، بەتایبەت کۆچەرییەکان کە باوکیان گەنجە و هیچ گرفتێکی نییە، بەڵام کار بە منداڵەکەی دەکات و وەکو کولتوورێکە بۆ ئەوان. کەیسیش هەبووە کەسێک رۆژانە چەند منداڵێکی پێکەوە گەیاندووەتە ترافیکەکان. کەیسیشمان هەبووە منداڵەکە بە رۆژ کاری کردووە و بەو پارەیەی دەستی کەوتووە شەوەکەی باوکی خواردنەوە کحولییەکانی خواردووەتەوە؛ ئەمانە کەمن و پێشیان ناگوترێت بازرگانیکردن بە منداڵان."
 
یەکێک لەو شارانەی منداڵ لەسەر شەقام و ترافیک لایتەکاندا کار ناکەن هەڵەبجەیە؛ ئەمڕۆ دووشەممە ئاوات محەممەد، سکرتێری قایمقامی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سنووری ئێمە هیچ منداڵێک نییە لە ترافیک لایتەکاندا دەرۆزە یان کار بکات."