ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی: هەفتەی داهاتوو یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی رایگەیاند، ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان بە گۆڕانکارییە حکومییەکان دەکرێت و هەفتەی داهاتوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە.
 
رۆژی دووشەممە 09-01-2023 هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی سەرکردایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق میوانی بوولتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە سەنگەر عەبدولڕحمان پێشکێشی دەکات و، رایگەیاند، "هەندێک کێشە لەبارەی هەندێک دۆسیەی تایبەت رێگربوون لەپێش کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی، بەڵام لە ماوەی رابردوودا کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و دوور لە راگەیاندنەکان هەبووە و گفتوگۆیان لەبارەی گلەییەکانیان لە یەکدی کردووە."
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی سەرکرادیەتیی یەکێتی، ئەم هەفتەیە پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان لەبارەی گۆڕانکارییە حکومییەکان کۆدەبێتەوە، کە قۆناخێکە لە رێککەوتنەکان و هەفتەی داهاتوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە.
 
هەرێم کەمال ئاغا، ئێستا بە باشترین کات بۆ کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی دەزانێت و دەڵێت، "ئەم قۆناخە قۆناخێکی تەندروست نییە بۆیە لە هەموو کاتێک گرنگترە یەکێتی و پارتی و لایەنە سیاسییە کوردییەکان ئەم قۆناخە بە قۆناخێکی گرنگ و هەستیار بخوێننەوە، لەگەڵ بەغدا کۆمەڵێک پرس لە نێوانماندا هەیە گرنگترینیان بودجەیە، رۆژانە لە دەوروبەرمان درۆن و تۆپباران هەیە بۆئەوەی هەموو ئەوانە چارەسەر بکەین، پێویستە لایەنەکان یەکگرتوو و کۆدەنگ بن."
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەیشاردەوە کە ئەم ماوەیە یەکێتی و پارتی لە پەڕاوێکدا گلەییەکانیان لەبارەی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان، بابەتی دارایی، سیاسەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە و ناوخۆ بۆ یەکدی ناردووە و هەردوولا کاریان لەسەر چارەسەرکردنی گلەییەکان کردووە و بڕیاردراوە کار لەسەر گلەیی و تێبینیەکانی یەکدی بکەن.
 
لەبارەی گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، هەرێم کەمال ئاغا گوتی، "ئەگەر گلەیی و داواکارییەکانی یەکێتیش لەلایەن پارتی جێبەجێ بکرێن، ئەوە قوباد تاڵەبانییش دەگەڕێتەوە کۆبوونەوەکانی حکومەت، دواجار ئەو یەکێکە لەو کەسانەی قوربانیی زۆری داوە بۆئەوەی یەکگرتوویی بپارێزێت."