هاتووچۆی سلێمانی بۆ رووداو: تائێستا کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لەنێو شار نەخراونەتە کار
رووداو دیجیتاڵ
جگە لە رێگەی سلێمانی – دووکان کە کامێرای سیستمی خاڵ بۆ خاڵی تێدا جێگیرکراوە، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، هیچ کاتێک دیاری نەکراوە بۆ کارپێکردنی کامێرای دیکەی چاودێریی تیژڕۆیی.
دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە هەفتەی داهاتوو لە چەند شوێنێکی شاری سلێمانی کامێرای چاودێری تیژڕۆیی هاتووچۆ کاری پێدەکرێت، لەنێویدا شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود (شەست مەتری) بەڵام گوتەبێژی هاتووچۆی شارەکە رەتیدەکاتەوە.
بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی، رۆژی سێشەممە 09-01-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جگە لە رێگەی سلێمانی – دووکان کە لە تاسڵووجەوە تاوەکو دووکان کامێرای خاڵ بۆ خاڵ جێگیرکراوە، هیچ کاتێک دیاری نەکراوە بۆ کارپێکردنی کامێرای دیکەی چاودێریکردنی خێرایی".
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بڕیارە زیاتر لە 150 کامێرای دیکەی چاودێری خێرایی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دابنرێت؛ بەهمەن عەبدوڵڵا دەڵێت، "هەر کامێرایەکی نوێ کاری پێبکرێت پێشوەختە هاونیشتمانیان ئاگادار دەکەینەوە، هەروەها خێرایی رێپێدراو بۆ شەقامەکان دیاری دەکەین، بەبێ ئاگاداری و روونکردنەوەی پێشوەختە کار بەهیچ کامێرایەک ناکرێت".
تاوەکو ئەمڕۆ کامێرای خاڵ بۆ خاڵ و یان کامێرای جێگیرکراوی چاودێریی تیژڕۆیی ئۆتۆمبێل لەنێو شاری سلێمانیدا کاری پێنەکراوە جگە لە یەک کامێرا، بەپێچەوانەوە لەنێو شاری هەولێر و دهۆک چەندین کامێرای تیژڕۆیی لەکاردان.