سوودانی رێنمایی دا پڕۆژەی "وزەی خۆری زیرەک" لە 120 شوێن جێبەجێ بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رێنمایی دەدات بۆ جێبەجێکردنی "چارەسەری زیرەک" بۆ وزەی خۆر، ئەوەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی بارگرانیی کارەبا و ئامادەکاری بۆ وەرزی هاوین.
رۆژی پێنجشەممە 8-1-2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پڕۆژەکانی کارەبای کرد. نووسینگەی سەرۆکوەزیران رایگەیاند، کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی "پڕۆژەی چارەسەریی خێرا و زیرەک" بۆ دابینکردنی کارەبا لە دەوروبەری بەغدا و پارێزگاکان.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سوودانی رێنمایی داوە میکانیزمی بەستنەوەی پڕۆژەکانی "وزەی خۆری زیرەک" بە هێڵەکانی دابەشکردنی کارەباوە پەسند بکرێت، بۆ ئەوەی رێگری لە بەفیڕۆچوونی وزە بکرێت و بارگرانی کەمبکرێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئامادەکردنی زیاتر لە 120 شوێن لە پارێزگا جیاوازەکان و دەوروبەری بەغدا کرا بۆ ئەوەی بکرێنە پڕۆژەی وەبەرهێنان.
نووسینگەی سەرۆکوەزیران جەختی کردووەتەوە کە پڕۆژەکان بە هاوئاهەنگی لەنێوان "تیمی نیشتمانی بۆ پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە" و "دەستەی باڵای هاوئاهەنگیی نێوان پارێزگاکان" جێبەجێ دەکرێن.