لە چیای پیرەمەگروون دوو شاخەوان هەڵدێران

رووداو دیجیتاڵ
 
لە چیای پیرەمەگروون لە سنووری سلێمانی، دوو شاخەوان کە لەگەڵ گرووپێکی گەشتیاریدا بوون هەڵدێراون، دەنگۆی گیانلەدەستدانی یەکێکیان هەیە، بەڵام قایمقام دەڵێت، "هۆشی نەماوە و تیمەکانمان لە رێگەدان بۆ لایان".
 
بەکر عەبدولکەریم، قایمقامی پیرەمەگروون لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 03:00ـی ئەم ئێوارەیە ئاگادار کراینەوە لە رووداوەکە، کە دوو شاخەوان لە گرووپێکی 20 کەسی کەوتوونەتە خوارەوە".
 
قایمقامی پیرەمەگروون گوتیشی: "یەکێک لە شاخەوانەکان دەست و قاچی شکاوە، بەڵام یەکێکیان بێهۆشە، دڵنیانین گیانی لەدەستداوە یان نا".
 
تیمی پۆلیس، ئاسایش، بەرگری شارستانی و پزیشکی بەرەو چیاکە بەڕێکەوتوون. قایمقامی پیرەمەگروون گوتی: "بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە تیمی فڕۆکەوانی ناتوانن بەدەم شاخەوانەکانەوە بچن و دەبێت لە زەوییەوە تیمیان پێ بگات".