کەشناسی: ئەمڕۆ باران و بەفر دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بەفر و باران باشووری کوردستان دەگرێتەوە. کەشناسێک دەڵێت، پێشبینی دەکرێت شەپۆلەکە سبەی دوای نیوەڕۆ کۆتایی بێت.
لە راگەیێندراوەکەدا کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "ئەمڕۆ بارانبارین لە باکوور و باکووری رۆژئاوای هەرێمی کوردستانەوە دەستپێدەکات پاشان لە کاتەکانی دوایی نیوەڕۆدا لە زۆربەی ناوچەکان باران دەبارێت، هەندێک کات لە هەندێک ناوچە لێزمەباران دەبارێت. هەروەها لە ناوچە سنوورییەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفر بەفر دەبارێت".
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "سبەی سارد دەبێت؛ نمەباران و بارانی مامناوەند بە پچڕ پچڕی لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت. لە ناوچە سنورییەکان بەفر دەبارێت".
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی گوت: "شەپۆلەکە ئێستا لە زاخۆوە دەستیپێکردووە، دوای نیوەڕۆ سۆران و سنووری هەولێر دەگرێتەوە و دواتر دەگاتە کەرکووک، سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان، بەگشتی سەرتاسەری دەبێت لە کاتی جیادا".
ئەو کەشناسە گوتی: "شەپۆلەکە دوای نیوەڕۆی سبەی کۆتایی دێت و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام پلەی گەرما لە نزیمیدا دەبێت".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرما سبەی بەراورد بەراورد بە ئەمڕۆ دوو بۆ پێنج پلەی سیلیزی دادەبەزێت و بەمشێوەیە دەبێت"
- هەولێر؛ 13 پلەی سیلیزی
- سلێمانی؛ 10 پلەی سیلیزی
- دهۆک؛ 11 پلەی سیلیزی
- هەڵەبجە؛ 10 پلەی سیلیزی
- کەرکووک؛ 14 پلەی سیلیزی
- زاخۆ؛ 10 پلەی سیلیزی
- پیرمام؛ 9 پلەی سیلیزی
- سۆران؛ 5 پلەی سیلیزی
- حاجی ئۆمەران؛ 2 پلەی سیلیزی
- چەمچەماڵ؛ 13 پلەی سیلیزی
- گەرمیان؛ 16 پلەی سیلیزی