دوو منداڵی ئامۆزا لە رووباری دیالە خنکان و تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی دیالە رایگەیاند، دوو منداڵی ئامۆزای یەکدی لە کاتی یاریکردندا لە نزیک رووباری دیالە لە سنووری ناحیەی سەعدییە خنکان و تاوەکو ئێستاش تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە.
عەمید هەیسەم شەمەری، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە، ئەمڕۆ هەینی، 9ـی کانوونی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاژێر 04:00ـی ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، ئاگادارکراینەوە کە لە گوندی مەرجانەی سەر بە ناحیەی سەعدییە رووداوێکی خنکان هەبووە."
گوتەبێژی پۆلیسی دیالە گوتی، "دوای گەیشتنی تیمەکانمان، دەرکەوت هەردوو منداڵ بە ناوەکانی ئیلیاس یاسین و ئادەم حاتەم، کە هەردووکیان لەدایکبووی ساڵی 2021 و ئامۆزای یەکدین، لە کاتی یاریکردن لە نزیک رووباری دیالە کەوتوونەتە نێو ئاوەکە و خنکاون."
بە گوتەی عەمید هەیسەم شەمەری، کەسوکاری منداڵەکان سکاڵایان لەسەر هیچ کەسێک نییە و رووداوەکەیان بە "قەزا و قەدەر" داناوە.
تیمەکانی پۆلیسی رووبارەکان، پۆلیسی سەعدییە، فریاکەوتن و خەڵکی ناوچەکە لە گەڕان بەدوای تەرمی هەردوو منداڵەکە بەردەوامن.