موقتەدا سەدر کۆتایی بە سڕکردنی چالاکییەکانی سەرایا سەلام هێنا

رووداو دیجیتاڵ
 
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، ئەمڕۆ هەینی، 9ی کانوونی دووەمی 2026، کۆتاییهاتنی سڕکردنی چالاکییەکانی سەرایا سەلام، باڵی سەربازیی رەوتەکەی لە پارێزگاکانی بەسرە و کوت راگەیاند.
 
لە پەیامێکدا کە لە نوێژی هەینی یەکگرتوودا لە پارێزگای مەیسان خوێندرایەوە، سەدر رایگەیاند، "هیچ سڕکردنێک بۆ سەرایا سەلام و هیچ جومگەیەکی دیکە لە ئارادا نابێت، کۆتایی بە سڕکردنی سەرایا سەلام لە کوت و بەسرە هات."
 
سەدر داوای بەدواداچوونی لێکۆڵینەوەکانیشی کرد و داوای لە دەسەڵاتی دادوەری کرد "بە دادپەروەرییەوە مافی هەمووان بدات."
 
ئەم بڕیارە دوای چەند رۆژێک دێت لە کوژرانی یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی گرووپی چەکداریی سەرایای سەلامی سەر بە رەوتی نیشتمانیی شیعە، لە گەڕەکی مامۆستایان لە پارێزگای مەیسان لە باشووری عێراق، کە لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژرا.
 
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر گرژییەکان، ئەوکات هێزە ئەمنییەکان قەدەخەی هاتووچۆیان لە پارێزگای مەیسان راگەیاند.
 
پێشتر سەدر داوای لە تەحسین حەمیداوی، سەرکردە لە رەوتەکە کردبوو، چالاکییەکانی سەرایا سەلام سڕ بکات و بارەگاکانیان لە بەسرە و کوت بۆ ماوەی شەش مانگ دابخات، بەهۆی "پێشێلکاری و سووکایەتییە دووبارەکان کە ناوبانگی سەرایا دەشێوێنن."
 
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە ئەو کات گوتبووی، "ناوبانگیان لەلای من گرنگترە لە بوونیان."