22 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئەحمەدی موفتیزادە تێپەڕی

رووداو - هەولێر

ئەحمەدی موفتی زادە بیرمەند و بانگخوازی ئیسلامی، کوڕی مەولانا مەحموودی موفتی لەساڵی 1312 کۆچی هەتاوی لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە دنیا هەڵێنا.

لە تەمەنی هەرزەکاریدا بۆ فێربوونی زانستی ئیسلامی روویکردە باشووری کوردستان و دەگوترێت لە ماوەی کەمتر لە 4 ساڵ و بەهوی ئەو زیرەکیەی کە تێدا بووە، توانیویەتی قۆناخەکانی زانستی ئیسلامی بە سەرکەوتوویی ببڕێت.

لە تەمەنی 18 ساڵی و بەهۆی شارەزایی و ئەو باڵا دەستیەی کە لە زانستی ئیسلامیدا هەیبوو، لە فێرگەی دینی مزگەوتی دارولئیحسانی شاری سنە لە شوێنی باوکی دادەنیشێت و دەبێتە مامۆستای وانە وتنەوە لە فیقه و ئوسول و کەلام.

لەساڵی 1337-ی کۆچی هەتاوی بەرەو تارانی پایتەختی ئێران دەڕوات و لە بەشی کوردی رادیۆ تاران دەستی بەکار کرد، هەروەها لە تەمەنی 25 ساڵیدا لە شوێنی باوکی کە مامۆستای زانکۆی تاران بوو دەستی کرد بە وانە گوتنەوە لەو زانکۆیە و هەر ئەوکاتانە بوو کە ناوبانگی پەیدا کرد و ناوی کەوتە ناو ناوان.

لەو ساڵانەدا بوو کە لەگەڵ چەند کەسێک لە شارەزایانی زمانی کوردی رۆژنامەی کوردستانیان بڵاو کردەوە و لەساڵی 1342 -ی کۆچی هەتاوی بەهۆی ئەندامێتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستان لەلایەن ساواکەوە دەستبەسەرکرا و خرایە زیندانەوە.

زیندانی کردنی ئەحمەدی موفتیزادە بە گوتەی خۆی دەستپێکی گۆڕانکاری بوو لە هزر و بیرکردنەوەی و لاپەڕەیەکی نوێی هەڵدایەوە لە ژیانی دینی ئەو کەسایەتییە و ئەوە بوو کە وەک رێبەرێکی دینی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناوبانگی پەیدا کرد.

لەدوای ئازادبوونی لە زیندان لەساڵی 1343-ی هەتاوی گەڕایەوە بۆ شاری سنە و گەمارۆیەکی سەختی سیاسی و ئابووری لەلایەن حکومەتی ئەو کاتەی ئێران خرایە سەری و بەشێوەیەک کە وەک نزیکەکانی دەیگێڕنەوە دەستەنگی و هەژاری تەنگی پێهەڵچنیبوو بەڵام لەبەرامبەر پاداشت و ئەو تەماحانەی دەخرایە بەردەمی چۆکی دانەنەواند و ئەوانەش بوونە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر لەدەوری موفتیزادە کۆببنەوە و پێگەی لەناو کۆمەڵانی خەڵک لەو سەردەمە بەهێزتر بێت.  

هەر لەو ساڵانەدا بۆ جارێکی دیکە و بەمەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشی هاوسەرەکەی رووی لە تاران کرد بەڵام دوای ماوەیەک مانەوە لە تاران و دوای کۆچی دوایی هاوسەرەکەی کە لە بنەماڵەی موهتەدییەکانی بۆکان بوو، گەڕایەوە شاری سنە و لە ساڵی 1356-ی کۆچی هەتاوی و پێش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران مەدرەسەی قورئانی دامەزراند کە لە شاری سنە و مەریوان بە شێوەی قوتابخانەی قورئان دەستی بە کار کرد و خەڵکێکی زۆری ڕاکێشا؛ دوایی ناوی خۆی گۆڕی بۆ مەکتەبی قورئان و ئێستاکە وەکوو بزاڤێکی دینی لە رۆژھەڵاتی کوردستاندا درێژە بە چالاکی دەدات.

ئەحمەدی موفتیزادە کە لە لایەن لایەنگرانییەوە بە «کاکە ئەحمەد» ناو دەبرێت، بزاڤی دینیی خۆی لە سەر بنەماکانی قورئان و سوننەتی حەزرەتی موحەممەد داڕشت. کاری سەرەکی مەکتەب قورئان، لە سەرەتاکانی قۆناخی بانگەوازدا بریتییە لە: تەزکیەی خۆ واتا (پاک کردنەوەی دڵ و دەروون و لابردنی ھزر و رەوشتی پیس و ناڕەوا) و بانگھێشت و رێنوێنی خەڵک، بە پێی بنەماکانی دینی ئیسلام و شێواز و روانگەی تایبەتی ئەحمەدی موفتیزادە، بە بێ چالاکی سیاسی.

موفتی زادە لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران رێبەری بەشێکی خەڵکی لە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان خستە ئەستۆ و دواتر وەک رێبەرێکی مەزهەبی و نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناسێندرا و رۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە سەرهەڵدانی شۆڕش لە پارێزگای سنە.

موفتیزادە رێبەرایەتی رەوتێکی میانڕەوی مەزهەبی و نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرد و بەوبۆنەوە لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران بەشداری دەکرد و بەردەوام لە رێگای سنە بۆ تاران بوو تاوەکو وەک خۆی باسی دەکات بتوانێت ئەو زوڵمە نەتەوەیی و مەزهەبی و چینایەتییەی لە گەلی کورد دەکرێت بیسڕێتەوە و مافەکانی کورد لە حکومەتی نوێی ئێران بچەسپێنێت.

لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و بێ هیوایی لەو بەڵێنانەی کە لەلایەن حکومەتی ئەو کاتەی ئێران پێدرابو و هەروەها ئەو ئاڵۆزیانەی لە کوردستان دروست بوو و وەک خۆی دەڵێت بۆ رێگریکردن لە براکوژی لە کوردستان، بەرەو کرماشن رۆیشت و دوای ماوەیەک رۆیشتە تارانی پایتەختی ئێران.

موفتیزادە بەهۆی ئەو گوتارانە کە دژی حکومەتی نوێی ئێران دەیدا و ئەو قسانەی کە لەبەرامبەر دەسەڵاتدارانی ئێران دەیکرد لەساڵی 1361-ی کۆچی هەتاوی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە دەستگیر کرا و گواسترایەوە بۆ زیندانی ئێوین لە شاری تاران.

ئەحمەدی موفتیزادە دوای دە ساڵ زیندان و ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر کە وەک خۆی دەیگەڕێنێتەوە تۆڵەی هەموو کورد و سوننەیان لەو کردوەتەوە، بە چەندین جۆری نەخۆشی و شێرپەنجە لە زیندان هاتە دەرەوە و دوای سێ مانگ مانەوە لە نەخۆشخانەی ئاسیای تاران لە رۆژی سێشەممە 20-ی رێبەندانی ساڵی 1371-ی هەتاوی کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی هێنرایەوە بۆ تەپەی شێ حەمە باقری شاری سنە و لەوێ بەخاک سپێردرا.