فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەڤانان داوای کردنەوەی نووسینگەی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری گشتیی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەڤانان داوا لە رێڤەبەریی خۆسەر دەکات بڕیاری راگرتنی کارکردنی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە.
 
ئەنتۆنی بێڵانگەر، سکرتێری گشتیی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەڤانان رایگەیاند، ''داوا لە رێڤەبەریی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا (رێڤەبەریی خۆسەر) دەکەین بڕیاری راگرتنی مۆڵەتی کارکردنی رووداو هەڵبگرێت و هاوکارییە داراییەکان بگەڕێنێتەوە و رێگەبدات تۆڕەکە و ستافەکەی بە ئازادی کاربکەن".
 
سکرتێری گشتیی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەڤانان ئاماژەی بەوەش کردووە، "سووریا پێویستی بە رۆژنامەگەریی ئازادە، خەڵکیش شایەنی ئەوەن میدیایەکی ئازاد و هەمەجۆریان هەبێت".
 
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رۆژی شەممە 05-02-2022 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "ماوەیەکی زۆرە تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی بوولتەنەکانیەوە کار بۆ وروژاندنی ناکۆکییەکان دەکات، لەگەڵ شێواندنی دیمەنی دەزگاکان کە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کار دەکەن، ئەوەش زیان بە شیرازەی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا دەگەیێنێت".
 
لە بەرامبەردا تۆڕی میدیایی رووداو لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بڕیارەکە تەواو سیاسییە، "تۆڕی میدیایی رووداو بە شێوەیەكی زۆر پرۆفیشناڵانە و بەپێی یاساكان لە هەموو شوێنەكان كار دەكات، ئەم بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموكراتی پشت بە هیچ بنەمایەكی یاسایی نابەستێت و، لە بیركردنەوەی تەسكی سیاسی و حیزبییەوە سەرچاوەی گرتووە".
 
داخستنی نووسینگەی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە راگەیێندراوێکدا کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی ناردبوو رایگەیاند، کەناڵی رووداو بە پاساوی پێشێلکردنی رێنوێنییەکان بە زەبری هێز داخراوە، "پێویستە بەرپرسانی ئیدارەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا رێز لە فرەیی میدیا بگرن".
 
هەروەها رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادیی بیروڕا رایگەیاند، "داخستنی تۆڕی میدیایی رووداو ناتەبایە لەگەڵ پرەنیسپی  ئازادیی رۆژنامەگەری لەو پارچەیەی كوردستان، كە خەڵكەكەی زیاترە لە سەدەیەك قوربانی نەبوونی ئازادی و دیموكراسییە؛ لە كاتێكدا بوونی فرەیی میدیایی لەهەر وڵاتێكدا كۆڵەكەیەكی سەرەكی هەر سیستمێكی دیموكراسییە".
 
لەلایەکی دیکەوە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بڕیاری داخستنی نووسینگەی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، بەو بڕیارە دەرکەوتووە کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر "تەحەموولی هیچ کارێکی رۆژنامەگەری ناکات بە دڵی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە نەبێت و نایەوێت زانیارییەکانی ئەو ناوچەیە بگاتە جیهان."
 
گوتەبێژێک بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی سێشەممە 08-02-2022 بە رووداوی راگەیاند، "ویلایەتە یەکگرتووەکان داکۆکی لە ئازادی رادەربڕین و سەلامەتیی رۆژنامەڤان و میدیاکاران لە سەرانسەری جیهان دەکات". وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەی کە لە رێگەی ئیمەیڵەوە بووە، ئەوەی خستووەتەڕوو، "میدیای ئازاد و سەربەخۆ بۆ حکومەتە تەندروستەکان پێویستە، چونکە ئەو جۆرە میدیایە یارمەتیی هاووڵاتییان دەدات بۆئەوەی بڕیاری پشتبەستوو بە زانیاری بدەن و لە هەمان کاتیشدا کاربەدەستەکان رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکەنەوە".
 
لەبارەی ئەو بڕیارەوە تۆڕی میدیایی رووداو داوای لە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان، پارتە سیاسییەكان، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە رۆژئاوای كوردستان و هەموو پارچەكانی كوردستان و دەرەوە، نوێنەرایەتیی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمریكا و وڵاتانی دیكە لە رۆژئاوای كوردستان و سووریا، هەموو رێكخراوە بەرگریكارەكان لە ئازادی و كاری رۆژنامەڤانی کرد هەڵوێست وەربگرن و گوشار بكەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە. 
 
تاوەکو ئێستا شەش جار بە بۆمبی مۆلۆتۆف و بەرد و دار هێرشكراوەتە سەر نووسینگەی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان، كە رێكخراوی جوانێن شۆڕشگێڕ لە رۆژی 6ی كانوونی دووەمی 2022 لە تەلەڤزیۆنی رووداو دانیان بە بەرپرسیارێتیی خۆیان دانا لەسەر ئەو هێرشانە. 
 
دوای ئەو رووداوانە، لە کاتی ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی ناوچەکە، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە، ئاگادارکردنەوەکە "هیچ سوودی نەبووە و هەندێكیشیان گوتوویانە 'ئەوە بەدەرە لە دەسەڵاتی ئێمە' ". 
 
لە راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژە بەوە دراوە، "تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی بوولتەنەکانیەوە کار بۆ وروژاندنی ناکۆکییەکان دەکات".
 
تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژە بەوە دەدات، "ئێمە كێشە خزمەتگوزارییەكانی خەڵكمان گواستووەتەوە و خستوومانەتە بەردەمی بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان و بۆچوونی ئەوانیش وەرگیراوە، هەروەها كێشە سیاسییەكانمان لە روانگەی هەموو لایەنە سیاسییەكان گواستووەتەوە و دیبەیتمان لەنێواندا سازكردوون، بەرفراوانترین و سەركەوتووترین رووماڵی هێرشەكانمان كردووە بۆ سەر كۆبانێ، عەفرین و سەرێكانی. هەروەها داواكاری كەسوكاری ئەو منداڵە رفێندراوانەمان گواستووەتەوە كە جوانێن شۆڕشگێڕ دەیانڕفاندن، بۆ گەڕاندنەوەی منداڵەكانیان. وادیارە ئەمانە پێشێلكارین لە روانگەی بەڕێوەبەرایەتی سەر بە پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD".