لێکۆڵینڤانێکی هیومن رایتس وۆچ بۆ رووداو: بۆردوومانەکانی تورکیا کاریگەری درێژخایەنیان دەبێت

رووداو دیجیتاڵ
 
لێکۆڵینڤانێکی رێکخراوی هیومن رایتس وۆچ دەڵێت، بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ژێرخانی وێستگەکانی ئاو، کارەبا، نەوت، کشتوکاڵ و تەندروستی دەکەنە ئامانج و کاریگەری خراپ و درێژخایەنیان دەبێت.
 
هیبە زیادین، لێکۆڵینڤانی رێکخراوی هیومن رایتس وۆچ میووانی بوولتەنی کاژێر 19:00ـی تایبەت بە رۆژئاوای کوردستان و سووریای تۆڕی میدیایی رووداو بوو و باسی لە کاریگەرییەکانی بۆردوومانکردنی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە لایەن تورکیاوە کرد. 
 
هیبە زیادین بە رووداوی گوت، "ناوچەی رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا رووبەڕووی قەیرانێکی زۆر گەورە و فراوان بووەتەوە لە کەمبوونەوەی سووتەمەنی و کارەبا و ئەوەش بەهۆی بۆردوومانە بەرنامە بۆ داڕێژراو و بەردەوامەکانی سوپای تورکیاوە روودەدات کە لە ئۆکتۆبەری پارەوە ئەنجام دەدرێت".
 
گوتیشی، "ئەوەی دەیبینین، لەنێوبردنی ژێرخانی رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵاتی سووریایە. ئەوەی روودەدات کاریگەری خراپ و درێژخایەنی دەبێت؛ باس لە ژێرخانی وێستگەکانی ئاو، کارەبا و نەوت دەکەین. لە ئەگەری بەردەوامبوونیشی، تەواوی ژێرخانەکانی وێران دەبن کە ئەوەش مەترسی دەخاتە سەر ژیانی ملیۆنان کەس کە لەو ناوچەیەدا دەژین، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دەستیان بە ئاو و کارەبای پێویست ناگات. ئەمە جگە لە لێکەوتە خراپەکانی تەندروستی".
 
لێکۆڵینڤانەکەی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ راشیگەیاند، ئەو کەرتانەی زیانی زۆریان بەرکەوتووە بریتین "لە وێستگە و دامەزراوەکانی ئاو، کارەبا و نەوت و تاکە وێستگەی گازی شل کە گازی ماڵان دابین دەکات. ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی ملیۆنان کەس لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بێبەش بن لە خزمەتگوزارییەکان، بەتایبەتی ئاو، کارەبا و سووتەمەنی بۆ خۆ گەرمکردنەوە. ئەمە لێکەوتە نەرێنییەکانیشی بۆ خەڵکی خێوەتگەکانیش دەبێت". 
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی چەند کەس بێ ئاو یان بێ کارەبا ماونەتەوە؟ هیبە زیادین رایگەیاند، بە گوێرەی ئاماری ئەو رێکخراوانەی بە شێوەیەکی مەیدانی لەوێ کار دەکەن، "نزیکەی 4.3 ملیۆن کەس لە ناوچەی رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا زیانیان بەرکەوتووە"؛ گوتیشی، "ئەگەر باس لە حەسەکە بکەین، چەندین ساڵە ئەو شارە بەهۆی داگیرکاری تورکیاوە کێشەی کەمی ئاوی هەیە. ناوچەی عەلوک کە لەژێر کۆنترۆڵی تورکیادایە، لەوێ وێستگەی ئاو هەیە و ئاو بۆ حەسەکە دابین دەکات. ئێستا ئەو وێستگەیە لەکار کەوتووە و چەندین ساڵە زیاتر لە ملیۆنێک دانیشتووانی ئەم شارە بێبەشبوون لە ئاو".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی بۆ رووداو، ئەو لێکۆڵینڤانە گوتی، "هەر جۆرە هێرشێک زیان بە خەڵکی سڤیل و خزمەتگوزارییە دابینکراوەکان بە خەڵکی سڤیل بگەیێنێت، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە پێشێلکاری هەژمار دەکرێت. هەروەها ئەگەر بەئامانجکردنەکە بە ئەنقەست بێت، ئەوە دەچێتە بواری تاوانی جەنگ؛ بۆیە پێویست بەوە دەکات لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە بکرێت، چونکە ئەوە زیان بە نەخۆشخانە، نانەواخانە و کشتوکاڵ دەگەیێنێت و هەڕەشەی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی خۆراک".
 
بە درێژای چەند ساڵی رابردوو، تورکیا بەردەوام بووە لە هێرشی ناوبەناو بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانان، وەک خۆی بانگەشە دەکات، بە ئەمانجی ئەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بکاتە ئامانج کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، سوپای دیفاکتۆی بەڕێوەبەرایەتییەکەیە.
 
رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ هەینی لە راپۆرتێکدا گوتی، "لە کاتێکدا قەیرانەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا زیاد دەبن، پێویستە هەنگاو بنرێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری مرۆیی لەسەر خەڵکی سڤیل."
 
رێکخراوەکە داوا لە تورکیا دەکات "دەستبەجێ واز لە بەئامانجگرتنی ژێرخانی سڤیلی گرنگ بهێنێت، رێز لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بگرێت و لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە بەرپرسیارن لە پێشێلکارییە گەورەکان."
 
"پێویستە هەموو وڵاتان هەڵوەستە لەسەر دۆخی نالەباری دانیشتووانی ناوچەکە بکەن،" ئەمە وەک رێکخراوەکە دەڵێت.