بەغدا نزیکەی سێ هەزار مامەڵەی مادەی 140ـی بۆ وردبینی گەڕاندووەتەوە کەرکووک


رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستوور، نزیکەی سێ هەزار مامەڵەی ئاوارە و عەرەبە هاوردەکانی کەرکووکی گەڕاندووەتەوە کە لە قۆناخی دەرکردنی چەکی بانکیدا بوون تاوەکو جارێکی دیکە وردبینییان بۆ بکرێتەوە.
 
کاکە رەش سدیق، بەرپرسی نووسینگەی مادەی 140 لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەی باڵای مادەی 140 مامەڵەی قەرەبووی نزیکەی 1300 ئاوارە و 1700 عەرەبی هاوردەی کەرکووکی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی وردبینیان تێدا بکرێتەوە.
 
کاکە رەش سدیق رایگەیاند، پاساوی گەڕاندنەوەی ئەو مامەڵانە ئەوە بووە گوایە رێکاری نوێ هەیه کە دەبێت رەچاو بکرێ، لەوانە قەرەبووەکە کەسوکاری شەهیدان ناگرێتەوە، یان ئەگەر لەبرى خێزان تەنیا یەک کەس بێت، قەرەبوو ناکرێتەوە.
 
بەگوێرەی مادەی 140، هەر خێزانێکی ئاوارە 10 ملیۆن دینار و عەرەبی هاوردە 20 ملیۆن دینار قەرەبوو وەردەگرن.
 
بەرپرسی نووسینگەی مادەی 140 لە کەرکووک رایگەیاند، نزیکەی 7 هەزار خێزانی ئاوارە ماون لەو پارێزگایەدا قەرەبوو نەکراونەتەوە.
 
لە ساڵی 2023 لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 کارا کرایەوە، لە یاسای بودجەی گشتیدا 200 ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانە تەرخان کرا کە مادەی 140 دەیانگرێتەوە.