بەرپرسێکی ئەنەکەسە لە کۆبانێ: 500 کەس بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیسەوە نەخۆش کەوتوون
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە کۆبانێ دەڵێ، گەمارۆی سەر شارەکە بەردەوامە. ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی بڕانی ئاو، خەڵک ناچارن ئاوی پیس بخۆنەوە کە تاوەکو ئێستا 500 کەس نەخۆش کەوتوون.
رۆژی دووشەممە، 09-02-2026، عەدنان بۆزان، بەرپرسی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە کۆبانێ لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشیکرد، لەبارەی دۆخی کۆبانێیەوە رایگەیاند، بەهۆی گەمارۆوە، دۆخی شارەکە رۆژ دوای رۆژ زیاتر بەرەو کارەساتی مرۆیی دەچێت.
نزیکەی 23 رۆژە گەمارۆی سوپای عەرەبیی سووریا لەسەر کۆبانێ بەردەوامە. بەگوتەی عەدنان بۆزان، خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو، کارەبا، ئینتەرنێت و سووتەمەنی بڕاون و خەڵک بە ئەستەم ئاوی خواردنەوەیان دەستدەکەوێ.
بەرپرسی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە کۆبانێ باسی لەوەش کرد، ژمارەیەک بیر لە کۆبانێ هەن ئاوەکەیان خاوێن نییە، بەڵام خەڵک بەهۆی کەمیی ئاوەوە ناچارن بۆ خواردنەوە بەکاریانبهێنن.
عەدنان بۆزان گوتی، بەگوێرەی راپۆرتی نەخۆشخانەکانی کۆبانێ، تاوەکو ئێستا 500 کەس بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیسەوە نەخۆش کەوتوون کە زۆربەیان منداڵن.
ئەو بەرپرسەی ئەنەکەسە ئاماژەی بە رێککەوتنی 30ـی کانوونی دووەمی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق کرد و گوتی: ''پێویستە رێککەوتنەکە لە هەموو دەڤەرەکان جێبەجێ بکرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا لە کۆبانێ، تەنیا ئاگربەست کراوە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر گەمارۆکان نەبووە.''
وەک عەدنان بۆزان دەڵێ، سوپای عەرەبیی سووریا سەرجەم رێڕۆی مرۆیی و بازرگانی لەسەر شارەکە داخستووە و ''دوو رۆژ لەمەوپێش سەرەڕای ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانیان بوو، ژمارەیەک بازرگانی دەوروبەری کۆبانێ بە قاچاخ میوە و سەوزەیان گەیاندە شارەکە، بەڵام دوێنێ ئەو رێگەیەشیان داخست و نەما''.
ئەو بەرپرسەی ئەنەکەسە داوا لە حکومەتی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر دەکات، رێڕۆی مرۆیی و بازرگانی بەسەر کۆبانێدا بکرێنەوە، ''چونکە جێبەجێنەکردنی خاڵەکانی رێککەوتن، تەنیا خەڵک دەکاتە قوربانی.''
رێککەوتنەکە چییە؟
30ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نێوەڕۆکی رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی سووریا بڵاوکردەوە.
هەسەدە رایگەیاند، رێککەوتوون لەسەر راگرتنی شەڕ لەنێوانیان، ئەوەش بەگوێرەی رێککەوتنێکی گشتگیر و لێکتێگەیشتن لەبارەی پڕۆسەی تێکەڵکردنێکی ریزبەندیی هێزە سەربازییەکان و کارگێڕییەکانی هەردوولا.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هێزە سەربازییەکان لە هێڵی بەرەنگاربوونەوەی نێوانیان دەکشێنەوە و هێزەکانی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەچنە شاری حەسەکە و قامشلۆ، هەروەها دەست دەکرێ بە تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکە و فیرقەیەکی سەربازی پێکدەهێنرێ کە سێ لیوای لە هەسەدە دەبێت.
لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، لیوایەکی دیکە بۆ هێزەکانی کۆبانی پێکدەهێنرێ لە چوارچێوەی فیرقەی سوپا لە سنوورى پارێزگای حەلەب.