بازرگانیی عێراق بۆ رووداو: شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەدەین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، حکومەت پابەندە بە خەرجکردنی تەواوی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵام بەهۆی کێشەی "نەختینە" لە وەزارەتی دارایی، دابەشکردنی پارەکە بەش بەش دەبێت و هۆکاری دواکەوتنەکەش بۆ کاتی وەرگرتنی گەنمەکە دەگەڕێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 9-2-2026، محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کێشەی دواکەوتنی پارەی جووتیاران دۆخێکی زۆر سرووشتییە؛ حکومەت بڕیاری نەداوە شایستەی جووتیاران نەدات، بەپێچەوانەوە بڕیاری سەرۆکوەزیران ئەوەیە شایستەی هەموو جووتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق بدرێت، بەڵام کێشەی نەختینە هەیە."
سەبارەت بە شێوازی خەرجکردنی پارەکە، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی گوتی: "پارەکە بە گوژمەی جیاواز خەرج دەکرێت، هەندێکجار 500 ملیار دینارە، هەندێکجار 300 ملیار یان 250 ملیار دینارە. دابەشکردنی پارەکەش لەو پارێزگایانەوە دەستیپێکردووە، کە زووتر گەنمیان لێوەرگیراوە."
لەبارەی هۆکاری ئەوەی بۆچی پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە کۆتاییدا دابەش دەکرێت، محەممەد حەنوون روونیکردەوە: "پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکەونە کۆتایی لیستەکە؛ چونکە ئەوان دوایین پارێزگان کە گەنمەکەیان لێوەرگیراوە، بۆیە بە سرووشتی دوایین پارێزگاکانیش دەبن کە پارەیان پێدەگات، نەک پارێزگاکانی سەرەتا. ئەمە بەدەست وەزارەتی بازرگانی نییە."
وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان 10ی حوزەیرانی ساڵی رابردوو دەستیپێکرد؛ ساڵی 2025 حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەرگرت. ساڵی 2024 بڕەکە 700 هەزار تۆن بوو، بەڵام بۆ ساڵی 2025 بڕەکەی کەم کردەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی جەختی لەوە کردەوە کە "پابەندبوونێکی ئاکاری و پیشەیی"یان هەیە و گوتی: "هەر کاتێک پارە بگات، بەسەر پارێزگاکاندا دابەشی دەکەین، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. هۆکاری دواکەوتنەکە تەنیا پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە هەیە و کێشەی جدی لەو بوارەدا هەیە، بەڵام بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران، هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین."
تاوەکو ئێستا بەغدا سێ گوژمە پارەی گەنمی جووتیارانی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.
گوژمەی یەکەم: 57 ملیار دینار بوو (25 ملیار بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، 20 ملیار بۆ هەولێر و 12 ملیار بۆ دهۆک.
گوژمەی دووەم: 15 ملیار و 500 ملیۆن دینار بوو، 6 ملیار بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، 5 ملیار بۆ هەولێر و 4 ملیار و 500 ملیۆن بۆ دهۆک
گوژمەی سێیەم: زیاتر لە 24 ملیار دینار بوو، لەوانە 9 ملیار و 500 ملیۆن بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، 7 ملیار و 750 ملیۆن بۆ هەولێر و 7 ملیار بۆ دهۆک.