وەزارەتی کارەبا لەبارەی نرخی کارەباوە: بەدواداچوون بۆ رێگاکانی کەمکردنەوەی بارگرانی دەکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان وەڵامی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لەبارەی نرخی کارەبا دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخەکاندا نەکراوە؛ دەشڵێت: "پسوولەی ئەم جارە هی 46 رۆژە و بەهۆی سەرماوە بەکارهێنان زیادیکردووە."
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە زیادبوونی بڕی پارەی پسووڵەی کارەبای پڕۆژەی (رووناکی) بڵاوکرابوونەوە.
 
وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە، "هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی کارەبای رووناکی نەکراوە، پسووڵەکان بۆ ماوەی 46 رۆژ بوون، نەک مانگێک، بەهۆی سەرمای نائاسایی مانگی یەک، خواست و بەکارهێنان زۆر بووە."
 
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدایە و "بەدواداچوون بۆ رێگەکانی کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییە دەکات" کە بەهۆی زیادبوونی بەکارهێنانەوە لە وەرزی سەرمادا کەوتووەتە سەر شانی هاووڵاتییان.
 
ئەمە دووەم روونکردنەوەی وەزارەتی کارەبایە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا، کە دوای شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان و بڵاوکردنەوەی وێنەی پسووڵەکان لە سۆشیاڵ میدیا دێت.