تورکیا هەناردەی مریشک رادەگرێت؛ "بە قازانجی بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستانە"
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بەرهەمهێنەرانی مریشک لە تورکیا بڕیاریان دا پێش مانگی رەمەزان نرخەکان بە رێژەی 15% بەرزبکەنەوە، وەزارەتی بازرگانیی ئەو وڵاتە بڕیاری دا هەناردەی مریشک رابگرێت. بەرپرسێک لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "راگرتنەکە خزمەت بە بەرهەمی نێوخۆ دەکات".
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کورستان، رۆژی دووشەممە، 9ـی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەگەر تورکیا قەدەخەی هەناردەی مریشک بکات و مریشکی نەگاتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، راستەوخۆ کاریگەریی باش دەکاتە سەر بەرهەمی نێوخۆ بەتایبەت بۆ بەبازاڕکردنیان".
بە گوتەی فیراس سدیق، هەرێمی کوردستان دوو هەزار پەلەوەرخانەی تێدایە. بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە 300 هەزار تۆن گۆشتی مریشک و زیاترە لە پێویستیی نێوخۆ.
پێشتر وەزارەتی بازرگانیی تورکیا، رۆژی یەکشەممە رایگەیاندبوو، بە مەبەستی زیادکردنی خستنەڕووی بەرهەم لە بازاڕی ناوخۆی وڵاتەکە و سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی نرخەکان، بڕیاری راگرتنی هەناردەکردنی مریشکی داوە.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ، لە هەرێمی کوردستان 13 سەربڕخانەی پەلەوەر هەن و ساڵانە دەتوانن 200 هەزار تۆن گۆشتی مریشکی بەستوو بەرهەم بهێنن.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێ، "هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 75 هەزار تۆن مریشکی بەستوو و 75 هەزار تۆن مریشکی فرێش هەیە و بەرهەم لەوە زیاترە و ئەوەی دەمێنێتەوە هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت".
فیراس سدیق گوتی: "ئەگەر قەدەخەی بەستووی مریشکی تورکیا یان وڵاتانی دیکەی دراوسێ بکرێت، کەمێک نرخی مریشک لە هەرێمی کوردستان دەگاتەوە نرخی ئاسایی و بەرز دەبێتەوە، چونکە ئێستا کیلۆیەک بە 2500 دینار دەگاتە دەستی هاونیشتمانیان، لە جیهاندا نییە ئەو نرخە نزمە بۆ ئەو کواڵیتییە بەرزەی لێرە بەرهەم دەهێندرێت، ئەوەش لە زیانی خاوەن کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان".
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کرد، کەرتی پەلەوەر بە شێوەی راستەخۆ زیاتر لە 50 هەزار هەلیکاری رەخساندووە، ئەگەر نرخی ئاوا لە نزمیدا بێ زیان بەو کەرتە دەگات و ئەو کاتە دیسانەوە بەرهەمی دەرەکی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان داگیر دەکات و کواڵیتیشی هیچ کات ناگەتە بەرهەمی نێوخۆ.