مەزڵووم عەبدی: بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەجێگەی خۆیان دەمێننەوە
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، فەرمانبەران و بەڕێوەبەرە کارگێڕییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر وەکو خۆیان لەسەر کارەکانیان دەمێننەوە و لانادرێن، هەروەها دەڵێت، دەروازەی سێمالکا وەکو خۆی دەمێنێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 9ـی شوباتی 2026، مەزڵووم مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە گوتارێکدا بۆ خەڵکی حەسەکە و ئاوارەکانی عەفرین و سەرێکانی، روونکردنەوە لەسەر رێککەوتنەکەی 29ی کانوونی دووەم لەگەڵ حکومەتی کاتی سووریا دەدات.
مەزڵووم عەبدی، دەڵێت: "لە رێککەوتنەکەدا [لەگەڵ دیمەشق] نووسیومانە، بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی ئیدارەی خۆسەر لە جێگەی خۆیاندا دەمێننەوە".
فەرماندەی گشتیی هەسەدە، باسی چارەنووسی دەستەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کرد و رایگەیاند: "لیژنەیەکمان دروستکردووە لەنێویدا هاوسەرۆکی هەرێمی جزیرەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هەیە، پارێزگار هەیە، ئەوانەی کە لە دەوڵەتەوە لە دیمەشقەوە دێن گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەن لەسەر ئەو دەستانەی هەن، کە دەستەکان دەبنە بەڕێوەبەرایەتی".
سەبارەت بە چارەنووسی دەروازەی سێمالکا کە دەکەوێتە سەر سنووری باشوور و رۆژئاوای کوردستان، مەزڵووم عەبدی گوتی: "سێمالکا وەکو خۆی دەمێنێتەوە، بەڕێوەبەر، فەرمانبەران و ئاسایشەکەی وەکو خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام شاندێکی دیمەشق سەرپەرشتی هەندێک کاروبار دەکەن کە پەیوەستە بە دەوڵەتەوە وەکو پشکنینی پاسپۆرت"
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بە لایەنی سەربازی رێککەوتنەکە کرد و گوتی: "فیرقەیەک کە لە سێ لیوا پێکدێت، لە هێزەکانی هەسەدە دروست دەکرێت، لیوایەک لە حەسەکە، لیوایەک لە قامشلۆ و لیوایەکیش لە دێرک دەبێت."