گومرگی کرماشان: هەناردەی کاڵا لە دەروازە سنوورییەکانمانەوە کەمی کردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای کرماشان رایدەگەیێنێت، لە 10 مانگی رابردوودا هەناردەکردنی کاڵا لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە بەراورد بە ساڵی رابردوو هەم لە رووی بڕ و هەم لە رووی نرخەوە کەمی کردووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 09-10-2026، رەزا نیکڕەوش، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا، هەناردەکردنی کاڵا لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە گەیشتووەتە 2 ملیار و 408 ملیۆن و 215 هەزار دۆلار."
 
بەگوێرەی گوتەی نیک رەوش، لەو ماوەیەدا 5 ملیۆن و 964 هەزار تۆن کاڵا هەناردە کراوە، کە ئامارەکان نیشانی دەدەن، کە لە رووی بڕی کاڵاوە: 6% و لە رووی نرخی کاڵاوە 13% کەمی کردووە.
 
لەو ماوەیەدا زیاتر لە یەک ملیۆن و 886 هەزار تۆن کاڵا، کە بایی زیاتر لە 776 ملیۆن دۆلار لە دەروازەی سنووریی خوسرەوی هەناردە کراوە، هەناردە کردن لەو دەروازەیە بە پلەی یەکەم دێت. دوای ئەویش دەروازەکانی پەرویزخان، سومار،  شێخ سڵە و  دەروازەی شووشمێ دێن.
 
سەبارەت بە جۆری ئەو کاڵایانەی زۆرترین هەناردەیان هەبووە، بەڕێوەبەری گومرگی کرماشان ئاماژەی بە کاشی، سیرامیک، شووشە، بەرهەمە پلاستیکییەکان، بەردی ئاسن، گەچ، ئامێری کشتوکاڵ، بەرهەمی پیشە دەستییەکان و سەوزە و میوە کرد.
 
پارێزگای کرماشان خاوەنی 371 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشە لەگەڵ باشووری کوردستان و عێراق. لە کۆی پێنج دەروازە سنوورییەکەی پارێزگاکە، سێیان (شووشمێ، شێخ سڵە و پەرویزخان) لەگەڵ هەرێمی کوردستانن و دەروازەکانی دیکەش هاوسنوورن لەگەڵ ناوچەکانی خانەقین و مەندەلی.