زیاتر لە نیوەی پارەی گەنمی جووتیارانی کەرکووک بەهۆی "کێشەی نەختینەوە" خەرج نەکراوە


رووداو دیجیتاڵ

دوای 7 مانگ لە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کەرکووک، تەنیا نیوەی پارەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی خەرج کراوە. بەرپرسان هۆکارەکەی بۆ کەمیی پارەی نەختینە دەگەڕێننەوە.
 
عەبدوڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نیوەی پارەی گەنمی جووتیارانی کەرکووک خەرج کراوە. تەنیا پارەی ئەوانە خەرج کراوە کە کەمتر لە 100 تۆن بەرهەمیان هەبووە".
 
دوایین کاروانی گەنمی جووتیارانی کەرکووک لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی 2025 لەلایەن سایلۆی ئەو پارێزگایەوە وەرگیرا.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، پارەی گەنمی جووتیارانی کەرکووک بۆ ساڵی 2025 دەگاتە 4.5 ملیار دینار، بەڵام لەو بڕە نزیکەی دوو ملیار دیناری خەرج کراوە.
 
حەسەن حەمید، بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خەرجنەکردنی تەواوی شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیاران بەهۆی کێشەی نەختینەوەیە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ و پرسەکە لە دەست وەزارەتی بازرگانی نەماوە.
 
بەرهەمی گەنمی جووتیارانی کەرکووک بۆ پار 5.3 هەزار تۆن بوو، نرخی وەرگرتنی یەک تۆن لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە لەنێوان 800 بۆ 850 هەزار دینار بوو.
 
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 9:00ـی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو دا رایگەیاند، خەرجکردنی شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیاران لەو پارێزگایانەوە دەبێ کە یەکەم جار گەنمیان رادەست کردووە و دواکەوتنی پەیوەندیدارە بە کێشەی نەختینەوە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ.