ئاگر لە گەراجی کۆمپانیایەک لە هەولێر کەوتەوە؛ بارهەڵگرێک بەتەواوی سووتا
رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا لەنێو گەراجی کۆمپانیایەک لە شاری هەولێر، بارهەڵگرێک بەتەواوی سووتا و زیان بە دوو بارهەڵگری دیکە گەیشت؛ بەرگریی شارستانیش دەڵێت، ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە.
هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند، ئەمشەو دووشەممە 09-02-2026، ئاگر لە گەراجی کۆمپانیای "تۆفان" بۆ گواستنەوەی گشتی و دابینکردنی خواردن کەوتەوە. دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و رێگرییان لە تەشەنەسەندنی زیاتری ئاگرەکە کرد.
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئاگرەکە بەهۆی شۆرتکردنی گەرمکەرەوەیەکی کارەبایی (هیتەر) بووە لەنێو یەکێک لە بارهەڵگرەکاندا.
لە ئەنجامی ئاگرەکەدا بارهەڵگرێک بە تەواوی سووتاوە و دوو بەڕادی بارکردن (کۆنتێنەری ساردکەرەوە) بەشێکی دواوەیان سووتاوە.
بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە 5 تیمی حەوت کەسی بەشدارییان کردووە و توانیویانە لە ماوەی کەمتر لە 20 خولەکدا ئاگرەکە بەتەواوی بکوژێنتەوە و رێگری بکەن لەوەی زیان بە ئۆتۆمبێلەکانی دیکەی نێو گەراجەکە بگات.