کوردانی ئێزدی سکاڵا لەسەر ئەو داعشانە تۆمار دەکەن لە سووریاوە هێندراونەتە عێراق

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، لەنێو ئەو چەکدارانەی پێشووی داعش کە لە سووریاوە هێندراونەتە نێو زیندانەکانی عێراق، کەسانێک هەن کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوان بەرامبەر کوردانی ئێزدی. نوێنەرانی ئێزدی لە هەرێمی کوردستان دەڵێن، سکاڵای یاسایی دژی ئەو داعشانە تۆمار دەکەن و هەزاران بەڵگە دژیان ئامادەیە.
 
سعود مستۆ، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاگادارین کە دەگوترێت ئەو چەکدارانەی هێندراونەتە عێراق بەشێکیان تاوانبارانی کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکانن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە."
 
مستۆ گوتیشی، "بە دڵنیاییەوە بەدواداچوون بۆ ئەو چەکدارانەی داعش دەکەین کە تۆمەتبارن بەرامبەر تاوانەکان لە شنگال و بەرامبەر ئێزدییەکان و سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین."
 
بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "لە عێراق ناچارین بە یاسای تیرۆر سکاڵا لەسەر چەکدارانی داعش تۆمار بکەین. ئەوەش نابێتە جاری یەکەم و لە رابردووشدا هەر لە عێراق دژی چەکدارانی داعش سکاڵامان تۆمار کردووە و لێیان سزادراون، تاوەکو سزای سێدارەش."
 
لە چەند ساڵی رابردوودا تيمى لێکۆڵینەوەى سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ لێپێچینەوە لەبارەى تاوانەکانى داعش (یونیتاد)، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، کە سەر بە نووسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، هەزاران بەڵگەیان دژی تاوانەکانی داعش کۆکردووەتەوە.
 
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە هاوئاهەنگیی ئێمە، یونیتاد و وەزارەتی ناوخۆ هەزاران بەڵگەیان کۆکردووەتەوە. لە عێراق بێت یان هەر وڵاتێکی دیکە بۆ دادگەییکردنی چەکدارانی داعش، ئەگەر پێویست بێت هەموو بەڵگەکان دەخرێنە بەردەست."
 
عەلی زیا، یاریدەدەری سەرۆکی ناوەندی نیشتمانی بۆ هاریکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە، رایگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو چەکدارانەی پێشووی داعش کە لە سووریاوە دەگوازرێنەوە بۆ عێراق، لەنێوان 7000 بۆ 8000 کەس بن.
 
عەلی زیا گوتی، هەندێک لەوان مەترسیدارن و تۆمەتبارن بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، کۆمەڵکوژی و ئەنجامدانی تاوان بەرامبەر کوردانی ئێزدی. راشیگەیاند، "ئەو لێکۆڵینەوانەی لەگەڵیان دەکرێ لە سفرەوە دەستپێدەکات."
 
لە 28ی کانوونی دووەمی 2026ـەوە پرۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی ئەو داعشانە دەستیپێکردووە کە بەهۆی رووداوەکانی ئەم دواییەی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ زیندانەکانی عێراق گوێزراونەتەوە.
 
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، لە هێرشی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە 03ـی ئابی 2014دا، 6 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران و هەزارانیش کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران.
 
بەگوێرەی ئامارەکە، لەو ژمارەیە نزیکەی 3 هەزار و 595 کەسیان رزگار کراون.