بکوژی ئیمان سامی لە کەرکووک دەستگیردەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ بەشێک لە هێزەکانی پارێزگای کەرکووک توانیویانە بکوژی ئیمان سامی لە کەرکووک دەستگیر بکەن و بکوژەکە برایەتی و ناوی "ئەنجام سامییە".
 
‎ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 09-03-2022 هۆگر عەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە هاوئاهەنگی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک و هێزەکانی نە‌هێشتنی تاوانی کەرکووک و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا توانییان بکوژەکە دەستگیر بکەن.
 
هەر لەو بارەوە عەمید کاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مەفرەزەیەکی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان توانیان (ئ.س.م) کە تاوانبارە بە کوشتنی ئیمان سامی ناسراو بە (ماریا) دەستگیربکەن".
 
فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، "لەگەڵ تاوانبارەکە کەسێکی دیکەش دەستگیرکراوە کە لە ماڵەکەی خۆی داڵدەی داوە".
 
کاژێر 23:00ی شەوی یەکشەممە لە شەقامی 100 مەتری لە نزیک چوارڕێیانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، تەرمی ئیمان سامی دۆزرایەوە. 
 
ئیمان سامی مەغدید، کە بە ماریا ناسراوە، ڤیدیۆکانی لە تیکتۆک بە سەدان هەزار بینەریان هەبوو، لایەنگری کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەکان بووە و لە زۆربەی چالاکییەکانیان بەشداریی کردووە، بۆیە زۆرجار بەهۆی قسەکان و ئەو رەخنانەی لە کولتووری کۆمەڵایەتی دەیگرت، تووشی رەخنە و هەڕەشە دەبوو.