بەڤیدیۆ: لە هەولێر ئاگر لە کۆگەیەکی کەلوپەلی بیناسازی کەوتووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، لە نزیک ناوچەی پیشەسازی باکووری هەولێر، ئاگر لە کۆگەیەکی کاڵای دیکۆرات و کەلوپەلی بیناسازی کەوتەوە.
پەیامنێری رووداو لە شوێنی ئاگرەکەوە رایگەیاند، 11 تیمی بەرگریی شارستانیی هەولێر سەرقاڵی کوژاندنەوەین.
ئیبراهیم خزر، خاوەنی کۆگەکە بە رووداوی گوت، "بەهۆی ئاگرەکەوە 10 ملیۆن دۆلار زیانم پێگەیشتووە".
گوتیشی، "سوپاس بۆ خوا هەموو کارمەندەکانمان سەلامەتن و زیانی گیانی نەبووە".
هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بە فەرمی دەستنیشان نەکراوە، بەڵام خاوەنی کۆگەکە بە رووداوی گوت، "شۆرتی کارەبا بووە".
لە پاش چەندین کاژێر کاتێک ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا، کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئەو کۆگەیەی ئاگری گرتووە چەند کەلوپەلێکی تێدابووە کە زوو گڕ دەگرن، بۆیە ئاگرەکە بەو شێوەیە تەشەنەی سەندووە".
گوتیشی، "ئاگرەکە لە جۆری لووتکە بووە، ئەگەر زوو فریانەکەوتینایە زیانەکانی زیاتر دەبوون".