لە ورمێ ژمارەیەک بەکار‌‌هێنەری سۆشیاڵ میدیا دەستگیرکران

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دادی پارێزگای ورمی دەڵێت، ژمارەیەک لە بەکار‌‌هێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان دەستنیشان کردووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە "سوکایەتییان" کردووە، لە بواری نەتەوەیی و ئایینییەوە "ناکۆکییان دروستکردووە" و دەستگیر کراون.
 
ناسر عەتەباتی، سەرۆکی دادی پارێزگای ورمێ رۆژی 08-03-2024 رایگەیاند، "لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەگەڵ کۆمەڵەی دادوەری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دادوەریی پارێزگای ورمێ و بە پشتگیریی دامودەزگاکانی دیکە، ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان دەستبەسەر کردووە، کە بەبێ ترس سووکایەتییان کردووە، ناوی خەڵکیان زڕاندووە، سووکایەتییان بە بیروباوەڕ و ئایینی خەڵک کردووە، لە بواری نەتەوەیی و ئایینیدا ناکۆکییان دروست کردووە."
 
سەرۆکی دادی پارێزگای ورمێ باسی لەوەش کردووە، "ئەو کەسانە پێیانوابوو چاودێریی و دەستگیر ناکرێن، بەڵام زۆربەیان دەستگیرکراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە."
 
بە گوتەی ناسر عەتەباتی، "هەندێک کەس هەن هەستیان بریندار کراوە و سووکایەتی بە کەسایەتییان کراوە، کە لە دادگای ورمێدا لقێکی تایبەت بۆ ئەو کەسانە کراوەتەوە و ئەو کەسانە دەتوانن سەردانی ئەو دادگایە بکەن و بەدواداچوون بۆ مافەکانیان بکەن."
 
فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای ورمێ رۆژی 28-02-2024 رایگەیاند، 50 کەس لە بەڕێوەبەرانی لاپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان دەستگیر کردووە بە تۆمەتی ئەوەی خەڵکیان هانداوە بەشداری لە هەڵبژاردندا نەکەن.
 
رەحیم جەهانبەخش، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی و هاندانی خەڵک بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن، پڕوپاگەندەی نەرێنی و بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست، "وەکو سەرپێچییەکانی هەڵبژاردن لە قەڵەم دەدرێن و بەپێی یاسا بەرەنگاری ئەو کەسانە دەبنەوە کە ئەو جۆرە کارانە دەکەن."