وەزارەتی ئەوقاف: سبەی یەکەم رۆژی رەمەزان دیاری دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی یەکشەممە کاژێر 05:30ی ئێوارە لیژنەی باڵای بینینی مانگ چاودوێریی بینینی مانگ دەکات بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی رەمەزان.
 
بۆ بینینی مانگ، لیژنەی بینینی مانگ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانیش هاوئاهەنگیی لیژنەی باڵا دەکەن.
 
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی شەممە 09-03-2024 بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، لیژنەکان لەسەر بنەما و بەڵگە شەرعییەکان بڕیار لەسەر دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دەدەن.
 
شێخ ئیبراهیم بەرزنجی، بەرپرسی توێژینەوە، ئیرشاد و رێنوێنییەکانی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێش نوێژی شێوان چاودێریی بینینی مانگ دەکەن و دوای نوێژ ئەنجامەکەی رادەگەیێنن، کە دووشەممە یان سێشەممە یەکەم رۆژی رەمەزان دەبێت.
 
ساڵی رابردوو رۆژی 23-03-2023 لە هەرێمی کوردستان و زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی کرایە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان.
 
ساڵی 2022 رۆژی 2ـی نیسان یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بوو.
 
ساڵانە لە دوایین رۆژەکانی مانگی شەعباندا لیژنەی بینینی مانگ لە هەرێمی کوردستان چاودێری بینینی مانگ دەکات و داواش لە هاونیشتمانیان دەکات، چاودێری بینینی مانگ بکەن و لە هەر شوێنێک مانگیان بینینی، لیژنەکە ئاگاداربکەنەوە.
 
هەر لەبارەی دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانەوە، پێشتر کۆمەڵەی فەلەکناسیی سعودیە بە رووداوی راگەیاندبوو، رۆژی دووشەممە، 11ـی ئاداری 2024 یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە.