لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سێرت فڕۆکەوانێک گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای سێرتی باکووری کوردستان لە رووداوێکی هاتووچۆدا فڕۆکەوانێک گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی 8ـی ئاداری 2024، لەسەر رێگەی سەرەکیی دەروازەی شاری سێرت لە باکووری کوردستان روویدا.
رووداوەکە بەمجۆرە بووە: ماتۆرسکیلێک خۆی بە بەربەستە ئاسنینەکانی شۆستەدا کێشا و بەهۆیەوە ماتۆڕسوارەکە بەناوی محەممەد عەلی یڵدرم تەمەن 31 ساڵ، کە ملازمی یەکەمی فڕۆکەوانی سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە لە وەزارەتی ناوخۆ بوو، گیانی لەدەستدا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی سێرت، هۆکاری رووداوەکەی بۆ تیژڕۆیی ماتۆرسوارەکە گەڕاندەوە کە بەوهۆیەوە کۆنترۆڵی لەدەستدا و خۆی بە بەربەستە ئاسنینەکاندا کێشاوە.
هێزەکانی جەندرمە و تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و تەرمی ئەفسەرە فڕۆکەوانەکەیان گواستەوە دادپزیشکیی نەخۆشخانەی فێرکاری گشتیی پارێزگای سێرت.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، ساڵی 2023 لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان 555 هەزار و 668 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ بەهۆیەوە دوو هەزار و 984 کەس گیانیان لەدەستداوە و 354 هەزار و 323 کەس بریندار بوو.
هەر بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش بریندار بوون.