ئایدن مەعرووف: هەوڵێک هەیە تورکمانەکان بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردن بکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئایدن مەعرووف دەڵێت، بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بۆ لادانی کورسیی کۆتا، "مەبەستی سیاسیی" لەپشت بوو. دەشڵێت، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پاڵپشتیی پێکهێنانی یەک لیستی هاوبەش بۆ لایەنە تورکمانەکان دەکەن.
رۆژی شەممە 09-03-2024 ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی عێراقی و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی و نەمانی کورسیی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لە دەرەوەی یاسایە و دژی سیستمی کۆتا، مافەکانی مرۆڤ و رەوشی پێکەوەژیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بوو."
21ی شوبات دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلاکردەوە و کورسیی کۆتای پێکهاتەکانی نەهێشت، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیشی بۆ 100 کورسی کەمکردەوە. ئایدن مەعرووف لەوبارەوە گوتی، "بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێک نییە و تەنیا بۆ تێکدانی رەوشی پێکهاتەکان بوو."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی دەڵێت، هەرچەندە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی یەکلاکەرەوەیە و تانەی لێ نادرێت، "بەڵام کاتێک مەبەستی سیاسیی لەپشتە، گرنگە ئێمەش لە رێگەی سیاسییەوە بابەتەکە چارەسەر بکەین."
سکاڵاکە کە دادگەی فیدراڵی بڕیاری لەسەر دا، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکیسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە تۆمار کرابوو.
لە سکاڵاکەدا داوای "نادەستووریبوون"ی مادەکانی (36،22،15،9،1)ی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرابوو، کە پەیوەندییان بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەبوو.