قایمقامیەتی سلێمانی: لە مانگی شوبات دا 21 شوێنمان داخستوون
رووداو دیجیتاڵ
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا 21 شوێنی سەرپێچیکاریان داخستوون. سەرۆکی لیژنەکەیش دەڵێت، "482 سەرپێچی تۆمارکراون."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2025، گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە رووداوی گوت: "ژمارەی سەردانەکان زیادیان کردووە و 482 سەرپێچیش تۆمارکراون."
بە گوتەی سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، لە سنوورەکەدا 6 هەزار و 353 سەردانیان کردوون؛ 166 پسوولەی ئاگادارکردنەوە دراوەتە شوێنکارەکان؛ 21 شوێنیش بەهۆی سەرپێچییەوە داخراون.
گۆران قادر روونیکردەوە، "پشتبەست بەو داتا و زانیارییانەی لە قایمقامیەتی سلێمانی تۆمارکراون، لە مانگی دووی ئەمساڵدا سێ شوێن دراون بە دادگە و 36 تۆن و 686 کیلۆگرام خواردن و شتومەک لەنێوبراون."
قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، "کۆی ئەو سزا مادییانەش دەبن بە بەشێک لە داهاتی گشتی، کە بریتییە لە 56 ملیۆن و 100 هەزار دینار."