لە کەلار 20 گەنج دەستگیر دەکرێن؛ 'چەقۆیان هەڵگرتبوو'
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامییەتی قەزای کەلار رایگەیاند، بەهۆی هەڵگرتنی چەقۆوە 20 گەنج دەستگیرکراون.
هەردی سەرکەوت، گوتەبێژی قایمقامییەتی قەزای کەلار، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو گەنجانە لە دوو شەوی رابردوودا بەهۆی هەڵگرتنی چەقۆوە لەلایەن لیژنەی ئەمنی کەلارەوە دەستگیرکراون".
قایمقامییەتی کەلار لە ئیدارەی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانی قایمقامیەتی قەزای کەلار بۆ مانگی پیرۆزی رەمەزان بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان، ئەو گەنجانە لەنێو چەند کافتریایەکدا دەستگیرکراون".
قایمقامییەت دەڵێت، بە بڕیاری دادوەر، هەموو گەنجەکان دەستبەسەرکراون و لە زینداندان.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە کەمتر لە 15 رۆژی رابردوو، دوو گەنج لە ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای کەلار بە چەقۆ کوژران.