دوێنێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان زۆرترین هێرشەکان لە لوڕستان بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە نۆیەم رۆژی شەڕدا، لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاترین هێرشەکان لە پارێزگای لوڕستان بوون. مەهدی مەجیدی، جێگری پارێزگاری لوڕستان بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە رۆژی یەکشەممە گوتی، لە ئەنجامی هێرشەکاندا زیان بە 67 یەکەی نیشتەجێبوون و 143 یەکەی بازرگانی و دووکان گەیشتووە.
دوای نیوەڕۆی یەکشەممە 8ی ئاداری 2026، لەنێو شاری خوڕەمئاوای ناوەندی پارێزگای لوڕستان، لانیکەم پێنج بنکەی سوپای پاسداران و پۆلیس بۆمباباران کران.
سەربازگەی سوپای پاسداران لە تەنیشت قەڵای مێژوویی فەلەکولئەفلاک، سەربازگەی (سوپای عەشایری)ـی سوپای پاسداران، سەربازگەی (تیپی 57)ـی ئەرتەش و بنکەکانی پۆلیس لە (وەلیعسەر و پشتەی حوسێن ئاباد) کرانە ئامانج.
بەڕێوەبەرایەتیی میراتی کولتووریی لوڕستان رایگەیاند، لە هێرشەکەدا زیان بە قەڵای مێژوویی فەلەکولئەفلاک نەگەیشتووە. چەند ساڵێک بوو داوا لە سوپای پاسداران دەکرا، سەربازگەکەی لەپاڵ ئەو بینا مێژووییە چۆڵ بکات.
جگە لە خوڕەمئاوا، ئەمڕۆ لە شارەکانی بروجێرد، نورئاباد، کوویەشت، ئەلشتەر و رومشکانی ئەو پارێزگایەش بنکە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران کرانە ئامانج.
میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران لە لوڕستان، کردنە ئامانجی بنکە سەربازییەکانیان پشتڕاستکردووەتەوە و دەڵێن، جگە لە یەک بنکە، ئەوانی دیکە پێشتر چۆڵکرابوون، بۆیە زۆربەی هێرشەکانی یەکشەممە لەو پارێزگایە، زیانی گیانییان نەبووە.
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، لە ئەنجامی هێرشەکاندا لە شاری بروجێرد، ژمارەیەک باڵەخانە رووخاون.
مەهدی مەجیدی، جێگری پارێزگاری لوڕستان بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە رۆژی یەکشەممە گوتی لە ئەنجامی هێرشەکاندا تاوەکو دوێنێ شەممە لە شارەکانی خوڕەمئاوا، بروجێرد، چگەنی، نورئاباد و سلسلە زیان بە 67 یەکەی نیشتەجێبوون و 143 یەکەی بازرگانی و دووکان گەیشتووە.
ئێوارەی یەکشەممە دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز لەنێو شاری کرماشان بیستراوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، فەرماندەیی پاسەوانیی سنووری پارێزگای کرماشان و بنکەیەکی پۆلیس لە نزیک پاسەوانیی سنوور بۆمباباران کراون.
هەروەها دوای نیوەڕۆی یەکشەممە، هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر سەربازگەیەکی سوپای پاسداران لە شاری قەسری شیرین و بنکەیەکی پۆلیس لە شاری ئیسلامئاوای پارێزگای کرماشان.
بەرەبەیانی یەکشەممە، لەنێو شاری سەقزیش بنکەی پۆلیسی ژمارە 12 لە نزیک پردی (بەهارستان) بۆردوومان کرا.
لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە، رۆژی یەکشەممە لە پارێزگای ئیلام، سەربازگەی سوپای پاسداران و بنکەیەکی پۆلیس لە شاری ئاودانان و فەرماندەیی سوپای پاسداران لە شاری ئەیوان بۆردوومان کراون، بەڵام ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، دەسەڵاتی ئێران ناوچەی ناسەربازیی قەرەباڵخ بۆ پەنادانی هێزەکانی بەکار دەهێنێت، بۆیە ئەوان هێرش دەکەنە سەر ئەو شوێنانە. داواش لە خەڵک دەکات، "لە ماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوە، چوونکە ناتوانن ئاسایشی خەڵکی سیڤیل لە نێو یان نزیک ئەو دامەزراوانە گەرەنتی بکەن کە وەکو بنکەی سەربازی لەلایەن ئێرانەوە بەکار دەهێندرێن."
لە بەرامبەردا، پیرحوسێن کۆلیوەند، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران رۆژی یەکشەممە گوتی، ئەمریکا و ئیسرائیل شوێنی ناسەربازی دەکەنە ئامانج و راپۆرتی تەواوی ئەو پێشێلکارییانەیان داوەتە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دادگەی نێودەوڵەتی.