دەنگی تەقینەوەلە بەنی هەریر بیسترا و دووکەڵ بینراوە


رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگێکی هاوشێوەی تەقینەوەی درۆن لە چیای بەنی هەریر لە سنووری هەولێر، بیسترا و دووکەڵیش لە لووتکەی چیاکە بەرزبووەوە.
 
کاژێر 3:50 خولەک، هاونیشتمانییان لە قەزای خەلیفان و دەوروبەری گوێیان لە دەنگی تەقینەوەیەک بووە و لەوکاتەدا دووکەڵێک لە لووتکەی چیای بەنی هەریر بەرزبووەتەوە، 
گومان دەکرێت درۆن بووبێت لە چیاکەدا کەوتبێتە خوارەوە.
 
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی خەلیفان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئاگاداربوونیان لە رووداوەکە، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەکەن. 
 
لە ماوەی دەستپێکردنی شەڕی ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا لە سنووری ئیدارەی سۆران و دەوروبەری، 21 درۆن کەوتوونەتە خوارەوە، ئەمە جگە لە پاشماوەی ژمارەیەک مووشەک. 
 
لە رۆژانی رابردوو، گرووپە چەکدارەکانی عێراق بەرپرسیارێتیی خۆیان لە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان راگەیاندبوو. 
 
ئەمڕۆ 10 رۆژە جەنگی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوامە، سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان لە چەندین بۆنەدا ئەوەیان گوتووە کە نابنە بەشێک لە جەنگەکە و هەرێمی کوردستان وەکو فاکتەری ئارامی و ئاسایش لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.