پارێزگاری هەولێر: لە 10 رۆژدا 176 مووشەک و درۆن ئاراستەی هەولێر کراون
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە 10 رۆژی رابردوودا 176 مووشەک و درۆن ئاراستەی شارەکە کراون، بەڵام زۆربەیان تێکشکێندراون. داواش لە حکومەتی عێراق دەکات سنوورێک بۆ ئەو گرووپانە دابنێت کە هێرش دەکەن سەر هەولێر.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە شەممەی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، هەولێر رووبەڕووی هێرشی چڕ بووەتەوە کە زیاتر لە 176 درۆن و مووشەک بوون؛ هێرشەکان زیانی مادی و گیانییان لە چەند ناوچەیەکی جیاواز لێکەوتووەتەوە."
پارێزگاری هەولێر گوتی، زۆربەی ئەو مووشەک و درۆنانە لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە تێکشکێندراون، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زیانەکان بەراورد بە قەبارەی هێرشەکان زۆر کەم بن.
سەبارەت بە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بەرامبەر ئەو هێرشانە، ئومێد خۆشناو گوتی: "گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا لووتکەی دانبەخۆداگرتنیان نیشان داوە بەرامبەر ئەو هێرشانەی لەلایەن گرووپە چەکدارە تێرۆریست و نایاساییەکانەوە لەو ناوچانەوە دەکرێن کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدان."
پارێزگاری هەولێر هۆشداری دا ئەگەر بەغدا هەڵوێستێکی جیدی نەبێت، "حکومەتی هەرێم و گەلی کوردستان بە دڵنیاییەوە رێکاری دیکە دەگرنەبەر."
پارێزگاری هەولێر باسی لە کێشەی خزمەتگوزارییەکان کرد و رایگەیاند، کێشەی گاز پەیوەندی بە تێکچوونی دۆخی ناوچەکە و ململانێکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێرانەوە هەیە، کە بووەتە هۆی راوەستانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر. روونیشیکردەوە کە ئەمە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر وێستگەکانی کارەبا و دابینکردنی گازی ماڵان هەبووە و بووەتە هۆی دروستبوونی قەیران و بەرزبوونەوەی نرخەکان.
لەگەڵ هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتدا، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنیی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی سەر بەو وڵاتە بووەتەوە، بەو هۆیەوە تاوەکو ئێستا دوو پێشمەرگەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە باشووری کوردستانن و کارمەندێکی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر شەهید بوونە.