ئیمارات: کۆنسووڵخانەکەمان لە هەرێمی کوردستان بە درۆن هێرشی کرایە سەر
رووداو دیجیتاڵ
ئیمارات رایگەیاند، کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەیان لە هەرێمی کوردستان بە درۆن لێیدراوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکە زیانی مادی لێکەوتووەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی یان برینداربوونی لێ نەکەوتووەتەوە.
بەرەبەیانی سێشەممە 10-03-2026 وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات جەختی کردەوە، ئەم هێرشە "هەڵكشانێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە." وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بە ئامانجگرتنی نێردە و بارەگا دیپلۆماسییەکان، "پێشێلکردنێکی زەقی هەموو بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکانە."
هەرچەندە لە راگەیێندراوەکە ئاماژە بەو شوێنە نەکراوە کە درۆنەکەی لێوە هاوێژراوە، بەڵام حکومەتی ئیمارات داوای لە دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی کردووە "راستەوخۆ دەست بە لێکۆڵینەوە بکەن لە وردەکارییەکانی ئەم هێرشە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو لایەنانەی بەرپرسیارن و هەموو رێکارێکی پێویست بگرنە بەر بۆ مسۆگەرکردنی سزادانی ئەو کەسانەی لە پشت ئەم کارەوە بوون."
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، ناوچەکە بە گشتی لە ناو جەرگەی ململانێیەکی تووندی سەربازیدایە، پێشتریش هۆشداری درابوو لەوەی کە گرووپە چەکدارەکان نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکەنە ئامانج.