وەزارەتى بەرگریى ئەڵمانیا بۆ رووداو: پلانی زیادکردنی ژمارەی سەربازمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نییە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى بەرگریى ئەڵمانیا دەڵێ، حکومەتی وڵاتەکەی هیچ پلانێکی بۆ زیادکردنی ژمارەی سەربازەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نییە. ئەمە لە کاتێکدایە وەزیری بەرگریی وڵاتەکەش دەڵێ، بەشداری لە شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران ناکەن.
گوتەبێژێکی وەزارەتى بەرگریى ئەڵمانیا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ئێستا بەرلین "هیچ پلانێکی بۆ زیادکردنی توانای سەربازیی خۆی نییە" لە دەرەوەی ئەو ئەرکانەی لە ناوچەکەدا جێبەجێیان دەکات.
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی 500 سەربازی وڵاتەکەی لە ناوچەکەدا جێگیرن و لە ئەرکەکانیاندا بەردەوام دەبن.
بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، رۆژی 4ـی ئادار لە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی: "ئەڵمانیا بەشێک نییە لە جەنگ؛ سوپای ئەڵمانیا لەم ململانێیەی ئێستادا بەشداری ناکات."
بەرلین پێشتر لە نێوەڕاستی مانگی شوبات بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە، بەشێک لە کارمەند و سەربازەکانی لە هەرێمی کوردستانەوە کشاندەوە.
سوپای ئەڵمانیا لە ساڵی 2015ـەوە وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەرێمی کوردستان چالاکە و پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئەرکی سوپاکەی تاوەکو 31ـی کانوونی دووەمی 2027 درێژکردووەتەوە.
پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان لە کاتی شەڕی دژی داعشدا گەیشتنە بەرزترین ئاست، کاتێک بەرلین بڕیاری دا چەک بداتە هێزی پێشمەرگە.
چەکی جۆری (میلان) رۆڵێکی یەکلاییکەرەوەی لە تێکشکاندنی هێرشەکانی داعشدا گێڕا و دواتر ئەڵمانیا بنکەیەکی مەشقی سەربازیی گەورەی لە هەولێر کردەوە.
بەرلین وەک هاوبەشێکی سەرەکیی هەولێر لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا ماوەتەوە و وێڕای ئاڵۆزییەکانی جەنگی 2026، دەیەوێ پارێزگاری لەو دەستکەوتە ئەمنییانە بکات کە لە دە ساڵی رابردوودا لە ناوچەکەدا بەدەستهاتوون.