خاوەن کۆمپانیایەکی گواستنەوە: ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە رێگەی ئیبراهیم خەلیلەوە گەیشتووەتە نزیکەی چوار هەزار بارهەڵگری رۆژانە


رووداو دیجیتاڵ

خاوەن کۆمپانیایەکی گواستنەوە دەڵێت، بڕیاری عێراق بۆ هاوردەی دەرمان و خۆراک بە رێکاری گومرگی پێشوەختە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بازرگانان ناچار دەکات دووجار پارەی باج و گومرگ بدەن.
 
دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق بڕیاری داوە بۆ سێ مانگ رێگە بدرێ بەوەی خۆراک و دەرمان بە رێکاری گومرگیی پێشوەختە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل هاوردە بکرێ.
 
بەگوێرەی بڕیارەکە، دەبێت بە هاوشێوەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، رێکاری گومرگیی پێشوەختە جێبەجێ بکرێ و گومرگ و سپاردەی دارایی باج پێشوەختە بدرێ، بەر لەوەی لە بانکی ناوەندی دۆلاری بۆ حەواڵە بکرێ. 
 
د. حامی ساڵح، پسپۆڕی گومرگ و گواستنەوەی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح، گوتی: "هەرێمی کوردستان سیستمی ئەسیکۆدای نییە. کاتێک حکومەتی عێراق دەڵێت دەبێت کاڵا بەو سیستەمە بێت، مانای وایە ئەو کاڵایانەی لە ئیبراهیم خەلیلەوە دێن، سەرەتا گومرگی هەرێمی کوردستانیان لێ وەردەگیرێ، دواتر کاتێک دەگەنە ناوچەکانی دیکەی عێراق، جارێکی دیکە داوای باج و گومرگیان لێ دەکرێتەوە بەپێی سیستمی ئەسیکۆدا. ئەمە بازرگان ناچار دەکات دووجار پارە بدات."
 
ئەو پسپۆڕە گوتیشی: "ئەم بڕیارە لە زەرەری بازرگانانە و بە تەواوی جێبەجێ ناکرێ. عێراق بەم کارە پەنای بۆ هەرێمی کوردستان بردووە، بەڵام پەنابردنێکی خراپە."
 
لەبارەی هاوردەکردنی دەرمان، د. حامی ساڵح ئاماژەی بەوەکرد، ئەم بوارە رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر گەورەتر دەبێتەوە و گوتی: "هاوردەکردنی دەرمان بەم شێوەیە بە هیچ شێوەیەک سەرناگرێت".
 
گوتیشی، "هێنانی دەرمان پێویستی بە رەزامەندیی پێشوەختەی وەزارەتی تەندروستییە. ئەو کۆمپانیایانەی بارەگاکانیان لە باشوور و نێوەڕاستی عێراقە، ناتوانن ئەو رەزامەندییە لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان وەربگرن، چونکە تۆمارکراو نین. هەرێمی کوردستانیش رێگە نادات هیچ دەرمانێک بەبێ رەزامەندیی فەرمی و پشکنین داخل بێت."
 
د. حامی ساڵح کە هاوکات خاوەنی کۆمپانیای گواستنەوەشە دەڵێت، بەرپرسانی گومرگی هەرێمی کوردستان ئاگاداری وردەکارییەکانی ئەو بڕیارەی عێراق نین، ئەمەش وەک بەڵگەیەکە لەسەر نەبوونی هاوئاهەنگیی هەردوولا. 
 
ئەو پسپۆڕە گوتیشی: "من دوێنێ پەیوەندیم بە بەڕێوەبەرایەتیی گومرگەوە [گومرگی هەرێمی کوردستان] کرد، گوتیان ئێمە ئاگاداری ئەم بڕیارە نین. عێراق دەبوو کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکردایە و داوای یارمەتی بکردایە".
 
د. حامی ساڵح باس لەوەش دەکات، بەهۆی ئەم بڕیارەی عێراقەوە گوشارێکی زۆر کەوتووەتە سەر دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و دەڵێت، "پێشتر رۆژانە نزیکەی 2500 تاوەکو 3000 بارهەڵگر لە ئیبراهیم خەلیلەوە دەهاتنە ژوورەوە، بەڵام ئێستا ژمارەکە بۆ نزیکەی 4000 بارهەڵگر بەرزبووەتەوە و بەرەو زیاتریش دەڕوات، ئەمەش لە توانای ئەو دەروازەیە زیاترە."
 
سەبارەت بە دەروازەی باشماخیش لەگەڵ ئێران، د. حامی گوتی، "باشماخ داخرا بوو، بەڵام دوێنێ کراوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا جموجووڵ زۆر کەمە، چونکە لە ئێران بارهەڵگر پەیدا نابێت بەهۆی گرانیی نرخی گازوایل و بوونی مەترسی لەسەر هەندێک کارگە. پێشتر رۆژانە 1000 بۆ 1200 بارهەڵگر لەوێوە دەهاتن."
 
د. حامی ساڵح لەبارەی رێگەی جێگرەوەش گوتی: "ئەو بازرگانانەی پارەکانیان لە رێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنییەوە دەنێرن، دەتوانن لەبری ئیبراهیم خەلیل، لە رێگەی سووریا و ئوردنەوە کاڵاکانیان لە دەروازەکانی قائیم و ترێبیل بهێننە عێراق، بەڵام ئەمەش بێ تێچوو نییە و تێچووی گواستنەوەی هەر بارهەڵگرێک نزیکەی 2500 دۆلار زیاد دەکات."
 
هەروەها ئاماژەی بە گواستنەوەی دەریایی کرد و گوتی، گۆڕینی ئاراستەی کەشتییەکان لە بەندەری ئوم قەسرەوە بۆ بەندەری مێرسینی تورکیا، گەشتەکە 25 رۆژ درێژتر دەکاتەوە و تێچووی هەر کۆنتێنەرێکیش نزیکەی 2000 دۆلار زیاد دەکات.
 
ئەو پسپۆڕە راشیگەیاند، بەهۆی کاریگەرییەکانی داخرانی گەرووی هورمزەوە، ئێستای تێچووی بیمەی هەر کۆنتێنەرێک لە 100 دۆلارەوە گەیشتووەتە 1500 بۆ 1700 دۆلار.