جێگری پارێزگاری هەڵەبجە: پارێزگار جەڵتە لێی نەداوە و بۆ نەخۆشیی دیکە چووەتە ئێران
رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی کە پارێزگاری هەڵەبجە جەڵتە لێیداوە و بۆ چارەسەر رەوانەی ئێران کراوە، جێگرەکەی رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، راستە چووتە ئێران، بەڵام بۆ نەخۆشیی چاو چووە.
لە دوێنێوە هەواڵی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە جەڵتەی مێشک لێیداوە و بۆ چارەسەر براوەتە ئێران، لەگەڵ هەواڵەکەدا وێنەیەکیش بڵاوکراوەتەوە و دەگوترێت ناوبراوە و لە نەخۆشخانە خەوێندراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی نیسانی 2023، شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی دەگوترێت جەڵتە لە کاک ئازادی داوە و نێردراوە بۆ ئێران راست نییە؛ ئەو تاوەکو رۆژی چوارشەممەش دەوامی کرد و خۆی بەمنی گوت هەست دەکات بینینی چاوی دابەزیوە و دەچێتە ئێران بۆ هەندێک پشکنینی پزیشکی".
جێگرەکەی ئازاد تۆفیق رەتیکردەوە وێنەکەش وێنەی پارێزگار بێت و گوتیشی: "رەنگە بەهۆی بەرزبوونەوەی شەکرەوە کێشە بۆ کەمبوونەوەی بینینی دروستبووبێت؛ ئەگەرنا خۆی چووە بۆ ئێران و خێزانەکەشی لەگەڵدایە".
شاهین رەزا باسی لەوەشکرد کە لە 16ـی ئادارەوە ئازاد تۆفیق هەستی کردووە نەخۆشە و بە پێویستی زانیوە پشکنینی پزیشکی بکات.
هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان پارێزگایەکی فەرمییە، بەڵام لەلایەن عێراقەوە تائێستا بە فەرمی بە پارێزگا رانەگەیێندراوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 13ـی ئاداری 2023، پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی پەسندکرد و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد. رۆژی 2ـی نیسانی 2023، پەرلەمانیش خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاساکە کرد و ئەوەی ماوەتەوە خوێندنەوەی دووەم و دەنگدانە لەسەری کە زیاتر لە 10 ساڵە خەڵکی سنوورەکە چاوەڕوانین.
پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.