لە هەولێر کۆبوونەوەی باراناو ئاستەنگی هاتووچۆی دروستکردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی هاونیشتمانییان بۆ رووداویان ناردووە، لە بەشێک لە گەڕەک و ناوچە جیاوازەکانی هەولێر ئاوی باراناوی زۆر کۆبووەتەوە و ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبووە.
 
ئەمشەو شەوی جەژنە و هاونیشتمانییان لە دەرەوەن بۆ کڕینی پێداویستی و خۆڕێکخستن بۆ جەژن.
 
هاوکات، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمشەو لە ناوەڕاستى هەرێمی کوردستان تاوەکو کاتەکانى بەرەبەیان باران بارینى پچڕ پچڕ و هەورەتریشقە دەبێت، بەڵام لە ناوچەکانى دیکە بەردەوام دەبێت".
 
هەروەها دەشڵێت، "پێشبینی دەکرێت بارانى بەلێزمە لە پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانى و هەندێک لە ناوچە شاخاوییەکانى هەولێر و ئیدارەى راپەڕین ببارێت، بەڵام بۆ ناوچەکانى دیکە تەنها باران و هەورەتریشقەى ئاسایی دەبێت".
 
بەگوێرەی ڤیدیۆکان، بەهۆی بارانی بەلێزمە، لە شەقامی 100 مەتریی هەولێر باراناو کۆبووەتەوە و لە بازاڕی تەیراوەی شارەکەش ئاوێکی زۆر کۆبووەتەوە و چووەتە نێو دووکانەکانەوە.
 
 
هاوکات و لەلایەکی دیکە، ئەمشەو بەهۆی باران و نالەباریی کەشوهەوا، ئۆتۆمبێلێک لە دەربەندی کۆڕێ وەرگەڕا و کەوتە نێو دەربەندەکەوە، بەهۆیەوە شۆفێرەکەی خنکا.
 
دەربەندی کۆڕێ دەکەوێتە پارێزگەی هەولێر و نزیکەی 25 کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەوە دوورە.
 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە بەرگریی شارستانیی کۆڕێ دەستی کەوتووە، رووداوەکە دەوروبەری کاژێر 09:00ـی ئەمشەو بووە. ئۆتۆمبێلەکە دوو کەسی تێدا بووە کە هاوژینی یەکدی بوون. 
 
تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پۆلیس و ئاسایش ژنێکیان لەنێو ئۆتۆمبێلەکە رزگارکردووە، بەڵام شۆفێرەکە کە هاوژینیەتی بێسەروشوێن بووبووو و دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە.