حەج و عومرە: 7ـی ئایار یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بەرەو سعودیە بەڕێدەکەوێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زۆربەی رێکارەکانی پڕۆسەی حەجی ئەم ساڵ تەواو بوون و ڤیزای زیاتر لە پێنج هەزار حاجی گەڕاوەتەوە. ئاشکراشی کرد، رۆژی 7ـی ئایار یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بەرەو سعودیە بەڕێدەکەوێت.
رۆژی پێنجشەممە 9ـی نیسانی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رێکارەکانی حەجی ئەم ساڵ بەرەو تەواوبوون دەچن. هەفتەی داهاتوو لەگەڵ کۆمپانیاکان و حاجییان لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کۆدەبینەوە، بۆ ئەوەی شێواز و رێکارەکانی سەفەری ئەم ساڵیان پێ رابگەیێنین و زانیاری پێویستیان بدەینێ."
لەبارەی ڤیزای حاجیان، گوتەبێژی حەج و عومرە گوتی: "بەشێکی زۆری حاجییان کە ژمارەیان 5120 حاجییە، ڤیزایان بۆ گەڕاوەتەوە. کۆمپانیاکانمان ئاگادار کردووەتەوە کە پێش دەستپێکردنی پڕۆسەکە، تێستی ڤیزاکان بکەن بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەکی تەکنیکی نەمێنێت و ئەگەر هەبێت چارەسەر بکرێت."
سەبارەت بە کاتی گەشتکردنی حاجیان بۆ سعودیە، کاروان ستوونی گوتی: "ئەگەر دۆخی ناوچەکە باش بێت و جەنگ روونەدات، هەموو حاجیانی ئەم ساڵ لە رێگەی ئاسمانییەوە لە 7ـی ئایارەوە بەڕێدەکەون، بەڵام ئەگەر دۆخەکە تێکبچێت، ئەوا بە وشکانی سەفەر دەکەن. لە هەموو حاڵەتێکیشدا دەبێت تاوەکو 15ـی ئایار هەموو حاجیان گەیشتبن."